رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، چەند کەسێک لە کاتی دانیشتنێکی میوزیک و گۆرانیی شەوانەدا (گەعدە) تەقە دەکەن و هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشیش دەڵێت، "گۆرانیبێژەکە دەستگیر نەکراوە".
رۆژی سێشەممە، 12-09-2023، هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش بە رووداوی راگەیاند، "درەنگی شەوی رابردوو لە باخێکی سنووری ناحیەی شۆڕش چەند کەسێک دانیشتن (گەعدە)یان هەبووە و تەقەیان کردووە، دراوسێکانیش بەو تەقەیە بێزار بوون و هێزە ئەمنیەکانیان ئاگادار کردووەتەوە."
هاوتا عەزیز گوتی: "دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەچنە شوێنەکە، چەند کەسێکی نێو دانیشتنەکە رووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵام پێنج کەسیان دەستگیر دەکرێن و خاوەنی باخەکەش هەڵاتووە".
دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، کە گۆرانیبێژێک بەناوی کاروان شارەوانی، لە دانیشتنەکەدا گۆرانی گوتووە و دەستگیر کراوە. بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش دەڵێت: "ئەوانەی تەقەیانکردبێت دەستگیرکراون، تەنیا خاوەنی باخەکە ماوە، کە ئەویش هەڵاتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ