رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە یاوەریی یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، پێشوازی کرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا، باس لە کێشەی مووچەی کەمئەندامان کرا، کە سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لیستی کەمئەندامانی دەرچوو لە لیژنەکانی تەندروستی لە وەزارەتی دارایی عێراقە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەبووە.
ئەوەش هاتووە کە وەزیری کار و بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، هەڵبژاردەیەکی تریان خستە بەردەم وەزیری دارایی بۆ ئەوەی ناونووسینی نوێی کەمئەندامان دەست پێبکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی کار کرا، لەوانە:
- خۆراک بۆ شەڵتەر و خانەکان و دایەنگەکان.
- کرێی گرتنی پاس.
- خەرجیی گیرفان و ژەمی سووکی خواردن بۆ قوتابیانی پەیمانگە و سەنتەرەکان، تاوەکو لە کاتی خۆی دابین بکرێن.
وەزارەتی کار دەڵێت، وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و رایگەیاند، "کاری زیاتر لەسەر داواکاری و پێداویستییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ