رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، لەناو شاری هەڵەبجە باندێکی سێ کەسییان دەستگیرکرد، "هەستابوون بە چاندنی رووەکی هۆشبەر لەجۆری ماریجوانە (حەشیش) و بازرگانیکردن بەو مادە هۆشبەرە."
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و رێگریکردن لە بەکارهێنان و بڵاوبونەوەی ئەو مادە زیانبەخشانەی کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، لەدوای چاودێریکردن و بەدەستهاتنی زانیاریی ورد، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەناو شاری هەڵەبجە دەستگیرا بەسەر کێڵگەیەکی داچێنراو بە رووەکی هۆشبەر لە جۆری حەشیش (ماریجوانە) تۆمەتباران بەشێوەیەکی شاراوە (65)بن رووەکی هۆشبەریان چاندبوو بە مەبەستی بازرگانیکردن."
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "دوای هەڵاتنی تۆمەتباران، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانرا باندەکە دەستگیربکرێن پێکهاتبوون لە سێ تۆمەتبار، دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەری ئامادەکراو بۆ فرۆشتنەوە، دواتر بە ئامادەبونی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش سەرجەم رووەکە هۆشبەرەکانی ناوکێڵگەکە بە شێوەیەکی زانستی لەنێوبران."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرجەم تۆمەتباران بە مادەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ