کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر: براوەی راستەقینەی هەڵبژاردن خەڵکە

12-11-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرامەرز ئەسەدی، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک پیرۆزبایی سەرکەوتنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە خەڵکی کوردستان و عێراق کرد.
 
لە راگەیەندراوەکەدا، کە بە ناوی "خوای گەورە و میهرەبان" دەستی پێکردووە، ئەسەدی ئاماژەی بەوە داوە کە ئامادەبوونی بەهێزی خەڵک لەم هەڵبژاردنانەدا وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ حکومەت و خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت.
 
کۆنسووڵی ئێران هەروەها جەختی کردەوە، "ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە هیوای دوژمنانی نەتەوەی عێراق و گەلانی ناوچەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی وڵاتانی ئیسلامی بێ ئومێد کردووە، و وەڵامێک بوو بۆ قسە بێماناکانی رۆژئاوا کە گاڵتەیان بە کولتوور و شارستانییەتی کۆنی وڵاتانی ناوچەکە دەکرد."
 
فەرامەرز ئەسەدی رایگەیاند کە براوەی راستەقینەی ئەم هەڵبژاردنانە "خودی خەڵک بوون لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا، کە بە بەشداریی خۆیان، هەوڵی درێژەدان بە پرەنسیپە دیموکراسییەکان و بەشداریکردن لە چارەنووسی خۆیان داوە،" ئەمەش "پابەندبوونێکی گەورەی بە سیستمی سیاسی و نوێنەرانی هەڵبژێردراو داوە لە پێناو دەستەبەرکردنی بەختەوەری و مەسڵەحەتی گشتی."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەسەدی دەڵێت، "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لەم هەڵمەتە سیاسییە گرنگە لە ئێوەی خەڵکی بەشەرەف دەکەم. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە بۆ بەردەوامی سەرفرازی و خۆشگوزەرانی بۆ ئێوەی خۆشەویست".
 
رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و خەڵکی وڵاتەکە 329 بەربژێری نوێیان هەڵبژارد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە