رووداو دییجتاڵ
ژینگەپارێزانی هەرێمی کوردستان لە وەرزی زستان ئەرکەکەیان قورستر بووە، بەهۆی هاتنی شەپۆلی باران و سەرما. بەڵام ئەوان بۆ پەیداکردنی نانی خێزان و منداڵەکانیان ناچارن بچنە سەر کارەکانیان.
ئەوان سەرباری دڵسۆزیان بۆ کارەکانیان، داوا لە خەڵکیش دەکەن هاوکاریان بن، خاشاک و پاشماوەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێنەدەن.
یەکێک لەو ژینگەپارێزانە چیرۆکی دۆخی خۆیان بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەوانەی نان دەخۆن لەنێو باخچەکان، من دەبێ بچم پاشماوەکانیان هەڵبگرمەوە. 21 ساڵە ئەم کارە دەکەم، لە کاتی لافاوەکەدا لە کاربووین، لافاو تاوەکو سەر دەممان هاتبوو."
یەکێکی دیکەیان دیمەنێکی دڵهەژێن پێشانی پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە هەولێر دەدات، کاتێک لە کاتی کۆبوونەوەی ئاو پاشماوەکانی سەر مەنهۆڵەکانی پاککردووەتەوە. دەڵێت: "بەخوا نێو مەنهۆڵەکان بە دەست پاکدەکەینەوە. هەموو شتێکی تێدایە."
هەموو گیانی لەو سەرمایەدا تەڕ بووە، سەرباری ئەوەش ئامادەنییە واز لە ژینگەی شارەکەی بهێنێت، پیس بێت.
ژینگەپارێزان زۆرینەی ئەو کاتانەی کاری تێدادەکەن، بەیانیی زووە کاتێک خەڵک هەموو خەوتوون، ئەوان لە سەرما و گەرمادا دەچنە سەر کار.
پەیام سەربەست لەدوای بەدواداچوونەکەی بۆ دۆخی ژینگەپارێزان لە هەرێمی کوردستان و کارکردنیان لە وەرزی سەرما داوایەک لە هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت: "ئێمە لە شیرینی خەوداین، بەڵام ئەوان ژینگە پاکدەکەنەوە، فڕێدانی تەنیا یەک کووپی پلاستیکی لەسەر شەقام و مەنهۆڵەکان بە کەم مەبینن، ئەرکی ئەوان قورستر دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ