هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان: خوشکێکم رفێندراوە و چارەنووسی نازانین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، خوشکێکی 14 ساڵانی رفێندراوە و هیچ لەبارەی چارەنووسییەوە نازانن.
 
فیراس محەممەد عیسا، دانیشتووی رۆژئاوای کوردستانە و رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خوشکەکەم ناوی ئێڤایە، لە دایکبووی ساڵی 2011یە و منداڵە و لەلایەن (گەنجانی شۆڕشگێڕ)ـەوە رفێندراوە".
 
فیراس محەممەد گوتی: "02ـی ئەم مانگە گەنجانی شۆڕشگێڕ هاتن لە ماڵی خۆمان ئێڤایان بانگکردە دەرەوە و لەگەڵ خۆیان بردیان، دواتر هەرچەند هەوڵمانداوە دەڵێن بەخواستی خۆی هاتووە، لەکاتێکدا ئەو جارێ منداڵە و تەمەنی یاسایی ئەوەی نییە خۆی بڕیار بدات".
 
ئێڤا محەممەد عیسا، لە دایکبووی ساڵی 2011ـی گوندێکی سنووری ناحیەی دربێسییە لە رۆژئاوای کوردستان. براکەی داوا دەکات؛ هەرچی هەیە بکرێت بۆ گەڕانەوەی خوشکەکی، "چونکە منداڵە و نازانین ئێستا دۆخی چۆنە".
 
لە رۆژئاوای کوردستان ناوبەناو رێکخراوی گەنجانی شۆڕشگێڕ بە بردنی گەنجان بۆ بەشداربوون لە چالاکییەکانی خۆیان تۆمەتبار دەکرێن و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە و بە کەسوکاری گەنجەکان دەڵێن: "کەس بە زۆر نابرێت و بەخواستی خۆیان بەشداری دەکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە