رووداو دیجیتاڵ
حەسیبە تەمەنی 22 ساڵە و 12 ساڵە تووشی نەخۆشیی رۆماتیزم بووە، مەعسوومیش تەمەنی 33 ساڵە و پێنچ ساڵە هەمان نەخۆشیی خوشکەکەی هەیە، ئەو دوو خوشکە بەهۆی نەخۆشییەکەیان ناتوانن هاتووچۆ بکەن و پێویستیان بە چارەسەر و هاوکارییە.
دایکی مەعسووم و حەسیبە 13 ساڵە جەڵتەی دڵ لێیداوە و لە زمان کەوتووە، باوکیشیان خانەنشینە بە مووچەی مانگانەی 356 هەزار دینار، دوو ساڵە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە مەعسووم و حەسیبە لە چارەسەری پزیشکی بێبەشن.
باوکی کچەکان دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی دەسەڵاتم هەبووە، درێخیم نەکردووە لە کڕینی چارەسەری تەندروستی و بردنیان بۆ نەخۆشخانە، ئێستاش نیمە، چی بکەم؟ من تەنها مووچەی شۆڕشی ئەیلوولم هەیە و کوڕەکەم هاتبوویەوە لە زانکۆ تەنها 20 هەزارمان هەبووە و بەومان داوە".
مەعسووم مستەفا، یەکێک لە کچە نەخۆشەکان کە میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو، ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەتا پێیەکانمان ئازاری هەبوو، پاش ماوەیەک بوو بە برین، دواتر پێیەکانم هەویانکرد و ئاوی لێدەهات، سەردانی پزیشکم کرد بۆ هەوکردنی برینەکەم، ئەو پشکنینی چاندنی جگەری بۆ کردین، پێنج ساڵە پێیەکانم تووشی برین و هەوکردن بوون، بەڵام بەهۆی کەمدەرامەتییەوە نەمانتوانی پشکنینی برینی پێیەکانم بکەم".
ئەو کچە نەخۆشە گوتیشی، بەهۆی زۆری بەکارهێنانی دەرمان، سینگ و گەدەم تووشی نەخۆشی ببوون، "بەهۆی کەمدەرامەتییەوە زیاتر لە ساڵێکە وازم لە چارەسەر هێناوە، بەردەوام برینەکانی پێم ئازاری هەیە و توانای هاتووچۆکردنم نەماوە، خوشکەکەم تەندروستیی زۆر خراپە، چونکە برینەکانی لە هەردوو قاچیەتی، 12 ساڵە خوشکەکەم نەخۆشە و ناتوانێت هاتووچۆ بکات، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەت دەکەم هاوکاریمان بکەن".
د. ئەڤین محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم دەڵێت، مەعسووم و حەسیبە جۆرێک لە نەخۆشیی رۆماتیزمیان هەیە، بۆماوەییە و دەگوازرێتەوە، 'نەخۆشیی رۆماتیزم دەبێتە هۆی تێکچوونی بەرگریی لەش، بە جۆرێک خوێن لە لەشی مەعسووم و حەسیبە دەمەیێت و خوێن بۆ شانەکانی پێی حەسیبە ناچێت، مەیینی خوێن رەنگە جەڵتەی دڵ یان مێشک دروستبکات".
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم دەشڵێت، "دەرمانی نەخۆشییەکەی مەعسووم و حەسیبە زۆر گرانە، بە جۆرێک پێویستیان بە چوار دەرزییە، هەر دەرزییەک بە 1200 دۆلارە، هیوایەکی باش هەیە دوای چارەسەرکردن مەعسووم و حەسیبە دەتوانن قسە و هاتووچۆ بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ