رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارین و کڕێوەوە، رێگەی هاتووچۆی هەزار و 289 گوند لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان داخراون؛ زۆرترین رێگەی داخراویش لە پارێزگای ئەرزەڕۆمە.
رۆژی سێشەممە، 13-01-2026، شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما رووی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان کردووە و کاریگەریی زۆری لەسەر پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، چەولیگ، خارپێت و ئەردەخان داناوە.
بەپێی ئامارەکان، پارێزگای ئەرزەڕۆم پشکی شێری بەرکەوتووە، کە بەهۆی کڕێوە و بەفرەوە رێگەی 663 گوند تێیدا داخراون. تیمەکانی شارەوانیی گەورەی ئەرزەڕۆم بۆ کردنەوەی رێگەکان لە هەوڵداندان.
لە پارێزگای خارپێت (ئەڵازغ)ـیش بەفر رێگەی 323 گوندی داخستووە و تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەکان.
دۆخی کەشوهەوا لە پارێزگای چەولیگ سەختە؛ لە سەنتەری شارەکەدا نزیکەی 70 سانتیمەتر بەفر باریوە.
لەو پارێزگایە رێگەی 219 گوند داخراون کە 45ـیان سەر بە ناوەندی شارەکەن. بۆ پاککردنەوەی رێگەکان، ئیدارەی شارەکە 110 کارمەند و 53 ئامێری تایبەتی بەفربارینی خستووەتەگەڕ.
هاوکات لە پارێزگای ئەردەخان رێگەی 49 گوند و لە پارێزگای قەرس رێگەی 35 گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراون و تیمەکانی ئیدارەی تایبەتی ئەو پارێزگایانە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ کردنەوەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ