رووداو دیجیتاڵ
دلۆڤان هاشم، پیاوێکی تەمەن 39 ساڵە و 15 ساڵە وەک ژینگەپارێزی گرێبەست شەقامەکانی ناحیەی کەورگۆسکی سەر بە پارێزگای هەولێر پاکدەکاتەوە، بەڵام لە خانوویەکی کۆنی کرێدا دەژین کە مەترسیی رووخانی لەسەرە و خاوەنەکەی داوای چۆڵکردنی لێدەکات.
دلۆڤان بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار کاردەکات. ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "خانووەکەم کرێیە بە 100 هەزار دینار و کرێی دوو مانگ قەرزارم. خاوەن ماڵ ئاگاداری کردوومەتەوە کە چۆڵی بکەم، چونکە مەترسیی رووخانی لەسەرە."
بەشێک لە بنمیچ و دیواری چێشتخانە و ژوورەکەی ئەو هاونیشتمانییە رووخاوە و هاوژینەکەی لە ترسی رووخان، ناچارە لە ماڵی خەزووری خواردن ئامادە بکات.
ئەم کرێکارە ساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ئەژنۆی ترازاوە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە نەشتەرگەری بکات، ئەمەش وایکردووە نەتوانێت کاری قورس بکات. دلۆڤان نەخۆشیی کۆڵۆنیشی هەیە.
بژێوی ئەم خێزانە تەنیا لەسەر مووچەکەی دلۆڤان نییە. ئەو هاونیشتمانییە دوای دەوام، بە ماتۆڕێک کە خێرخوازێک بۆی کڕیوە، لەنێو کۆڵانەکاندا کێک و چپس و خواردنەوە گازییەکان دەفرۆشێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، "رۆژانە تەنیا 10 هەزار دینار پەیدا دەکەم."
خەرمان خالید، هاوژینی دلۆڤان، باس لەوە دەکات کە کەلوپەلی نێو ماڵەکەیان موڵکی خاوەن خانووەکەیە و ئەگەر ماڵەکە جێبهێڵن، هیچ شتێکیان نییە لەگەڵ خۆیانی ببەن.
خەرمان دەڵێت: "تەنیا جلشۆرێکمان بە قیست کڕیوە. کوڕێکمان بە نەخۆشیی دڵ گیانی لەدەستدا و ئێستا کچێکی شیرەخۆرەمان هەیە کە خەزوورم شیر و دایبی بۆ دەکڕێت. ماڵی خەزوورم نەبێت لە برسا دەمرین."
هاوژینی دلۆڤان نەخۆشیی شەکرەی هەیە و پێویستی بە دەرمانە. مووچەی 300 هەزار دینارییەکەی دلۆڤان بەشی کرێی خانوو، دەرمان و پێداویستییەکانی منداڵەکەیان ناکات.
دلۆڤان لە رێگەی رووداوەوە داوا لە خێرخوازان دەکات هاوکاریی بکەن تاوەکو بتوانن لەو خانووە مەترسیدارە رزگاریان بێت و چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشییەکانیان دابین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ