رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی "هەڵەبجەیەکی نوێ" دراوە و دەڵێت: "هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە." باکرهان ئاماژە بەوەش دەکات کە لەو شارە پرۆڤەی کۆمەڵکوژی دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 13-01-2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبی کرد.
باکرهان دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی بە "هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجە" چوواند و گوتی: "ماوەی 10 رۆژە هەموومان چاو و گوێمان لەسەر ئەو گەڕەکانە بوو. لە کاتێکدا جیهان باسی لە رووداوەکانی شوێنی دیکە دەکرد، لە تەنیشتمانەوە لە حەلەب، پرۆڤەی کۆمەڵکوژییەکی بێدەنگ کرا."
هاوسەرۆکی دەم پارتی حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی تۆمەتبار کرد و گوتی: "رژێمی شام و چەتەکانی سەر بە تورکیا، بۆ تەواوکردنی ئەو کارەی داعش نیوەچڵی کردبوو، کەوتنە جموجووڵ."
بە بڕوای باکرهان، کێشەی سووریا کورد و عەلەوی و درووزەکان نین، کە بەرگری لە مانەوەی خۆیان دەکەن، بەڵکو کێشەکە "تێگەیشتنی فەرمانڕەوایەتیی سەلەفی، تاکڕەو و رەگەزپەرستانەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، باکرهان ئاماژەی بە دیمەنی فڕێدانەخوارەوەی ژنە شەڕڤانێک کرد لە باڵەخانەیەکەوە لە حەلەب و گوتی: "ئەوەی بەرامبەر بەو رووداوە بێدەنگ بوو، هەروەها ئەوەی پشتیوانیی لە ئەنجامدەرانی ئەم وەحشیگەرییە کرد، رووی رۆژ نابینێت."
باکرهان هۆشداریی دایە ئەو لایەنانەی دژایەتیی کورد دەکەن و گوتی: "ناتوانن بە هێشتنەوەی کورد لە چوارچێوەی کۆمەڵکوژیدا، رژێمە رووخاوەکانتان لەسەر پێ بهێڵنەوە. ئێمە رێگە بەوە نادەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ