رووداو - هەولێر
بەهۆی بەرنامەی یەک هەواڵ و دەنگدانەوەی لە ماوەیەکی کورتدا، سەنتەری سەلاحەدینی ئەیوبیی زانكۆی سەلاحەدین خەڵاتی قەڵخانی رێزلێنانی بە پێشکێشکار هەوراز گوڵپی بەخشی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-02-2020 بە ئامادەبوونی چەند مامۆستایەکی ئایینی، مامۆستا و قوتابیانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەدین، رێوڕەسمێک بۆ بەخشینی خەڵاتی قەڵخانی رێزلێنان بە هەوراز گوڵپی، پێشکێشکاری دیاری رووداو و پێشکێشکاری بەرنامەی یەک هەواڵی پۆرتاڵی رووداو بەڕێوەچوو.
بەخشینی ئەو خەڵاتە بە هەوراز گوڵپی دوای بڵاوبوونەوەی بەرنامەیەکی یەک هەواڵی پۆرتاڵی رووداو دێت کە باس لە داهاتووی ئایینەکان دەکات لەنێویشیدا ئایینی ئیسلام.
سەنتەری پیوی ئەمریکی بەداتا دەیسەلمێنێ کە داهاتوو بۆ ئیسلامە، لە کتێبێکی گەورەی 266 لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە و هاتووە "ژمارەی ئێستای موسڵمانان یەك ملیار و 907 ملیۆن کەسە، لە 2050 دەبێتە دوو ملیار و 761 ملیۆن کەس".
هەوراز گوڵپی لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی رێکخەران و سەنتەری سەلاحەدینی ئەیوبیی زانكۆی سەلاحەدینی کرد و لەبارەی بەرنامەی یەک هەواڵ و کاردانەوەکانیش گوتی "ئەم رێزلێنانەی ئێوە بۆ من دەستکەوتێکی گەورەیە و مانای زۆری هەیە. هیچ شتێک بۆ پێشکەشکارێک لەوە گەورەتر نییە بیسەر و بینەرەکانی لێی رازی بن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەرنامەی یەک هەواڵ، هەوراز گوڵپی گوتی "لەم دوو مانگەی رابردوودا، دەرفەتێکی نوێم تاقیکردەوە ئەویش پێشکەشکردنی بڕگەیەکی سۆشیاڵ میدیا بوو بە ناوی یەک هەواڵ لە پۆرتاڵی رووداو کە خاوەنی بەهێزترین سۆشیاڵ میدیایە لەم ناوچەیە. بەرنامەکە شتێکی نوێ و داهێنانێکی نوێیە لە میدیا و بەرهەمی خۆمانە. کاردانەوەکان بۆ ئەو بەرنامەیە زۆر گەورە و فراوان بوو. بە تایبەتی بۆ یەکێک لە بەرنامەکان کە لەسەر داهاتووی ئیسلام کردبووومان".
هەوراز گوڵپی لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکەدا سوپاسی بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و ئاماژەی بەوەدا "سوپاسی بەڕێز کاک ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی رووداو دەکەم کە رووداوی کردە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی چەندین رۆژنامەڤان و گەنجی لێهاتوو بۆ ئەم کۆمەڵگەیە".
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەستخۆشی لە هەوراز گوڵپی کرد و گوتی "زۆر بە گەرمی پیرۆزبایی لە هاوكاری بەڕێز و پێشكێشكاری خۆشەویستمان هەوراز گوڵپی دەكەین ، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی (قەڵخانی رێزلێنان) كە ئەمڕۆ لە رێوەڕەسمێكدا لەلایەن سەنتەری سەلاحەدینی ئەیوبیی زانكۆی سەلاحەدینەوە پێشكێشی كرا".
بەپێی راپرسییەکی پۆرتاڵی رووداو زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک دەستخۆشیان هەبوو بۆ بەرنامەکە و لەناو زۆربەی وتارەکانی هەینی مامۆستایانی ئاینی دەنگدانەوەی هەبوو.
هەوراز گوڵپی پێشکەشکاری دیاری رووداو و بەرنامەی یەک هەواڵی پۆرتاڵی رووداوە کە رۆژانی چوارشەممە لە سۆشیاڵ میدیایی رووداو بڵاودەبێتەوە و هەرجارە و باس لە بابەتێک دەکات و وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەخاتەڕوو کە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراون.



کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ