خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دەداتە قوتابخانە ئەهلییەکان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی خوێندنی ناو پۆل، پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندن دەستیپێکردووە؛ بەرپرسانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش دەڵێن پرۆسەکە بە "سەرکەوتوویی" بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە هەندێک ناوەندی خوێندن وانە پراکتیکییەکان بەردەوامن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو رێکارەکان بۆ خوێندنی ئۆنلاین جێبەجێکراون و قوتابیان لە رێگەی سیستمەکانی (ئی-هەڵسەنگاندن، ئی-وانە و تەلەفزیۆنی پەروەردە) دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە.
 
لە دهۆک و سلێمانیش پرۆسەکە بە هەمانشێوە دەستیپێکردووە. نەبیل شنگالی، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد, کە تەنیا هەندێک گرفتی تەکنیکیی بچووک هەبوون و چارەسەر کراون. 
 
هەروەها عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، خوێندنی ئۆنلاین لە 30ـی ئادارەوە لە هەموو زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان دەستیپێکردووە و "زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
 
زانکۆی پزیشکیی هەولێر و پەیمانگەی کۆمار؛ وانە پراکتیکییەکان بەردەوامن
 
سەرەڕای بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین، زانکۆی هەولێری پزیشکی بڕیاریداوە قۆناخە کۆتاییەکان لە دەوامی پراکتیکی بەردەوام بن. 
 
پ.د. هاوڕێ مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، قۆناخی شەشەمی پزیشکی، پێنجەمی ددان و چوارەمی پەرستاری تەنیا وانەی پراکتیکییان ماوە، بۆیە بە گرووپی بچووک دابەشکراون بەسەر نەخۆشخانەکانی (لەدایکبوون، رزگاری و جمهووری) بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت.
 
هاوکات، پ.ی.د دڵزار دڵشاد، راگری پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی کۆمار لە سلێمانی رایگەیاند، ئەوان تەنیا بۆ تاقیکردنەوە پراکتیکییەکان خوێندکارانیان بانگکردووەتەوە و تاوەکو هەفتەی داهاتوو تەواویان دەکەن، بۆ ئەوەی دواتر تەنیا بە ئۆنلاین بەردەوام بن.
 
کێشەی مووچە لە قوتابخانە ئەهلییەکان
 
مامۆستایان لە قوتابخانەکانی (کوردجینیەس) لە سلێمانی دەڵێن 25% بۆ 30%ـی مووچەکانیان بڕدراوە. سۆزان ئەبووبەکر، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی قوتابخانەکە دەڵێت ئەمە لێبڕین نییە و تەنیا "قەرزە" لە ئەستۆی قوتابخانە، چونکە بەهۆی پشووەکانەوە دایک و باوکان قیستەکانیان نەداوە و کێشەی نەختینەیان بۆ دروستبووە.
 
لەسەر ئەم بابەتە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی تووندی دایە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان و رایگەیاند: "مافیان نییە دەستکاری مووچەی دیاریکراوی مامۆستایان بکەن." 
 
وەزارەت داوای لە مامۆستایان کرد لە کاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەک، لە رێگەی ژووری ئەلیکترۆنیی وەزارەتەوە سکاڵا تۆمار بکەن.
 
بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، وەزارەتی پەروەردە ئەم ژمارانەی تەرخانکردووە:
07505106262 | 07505106464 | 07505103232 | 07505106363
 
ئەم گۆڕانکارییانە لە سیستەمی خوێندن دوای ئەوە دێن کە رۆژی 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی شەڕ، بڕیاری دا خوێندنی ناو پۆل رابگرێت.  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە