رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پڕۆژەی پێدانی قەرزی 150 ملیۆن دیناری دەستپێدەکات و پڕۆژەکە 100 خاوەن پڕۆژە تێیدا سوودمەند دەبن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، قۆناخی دووەمی پڕۆژەی گەشانەوە، لەنزیکترین کاتدا دەستپێدەکات، کە کۆمەڵێک مەرج و رێنوێنی تێدایە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت قەرزەکە وەربگرن.
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند: بە گوێرەی ئەو رێنماییانەی لە وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە قۆناخی دووەمی پڕۆژەی گەشانەوە دەستپێدەکات و، بڕیار وایە 100 پڕۆژە لە قۆناخی داهاتوو پارەدار بكرێن، تاوەکو بڕی 150 ملیۆن دیناری عێراقی.
لە رێنماییەکاندا هاتووە: "دەبێت قەرزوەرگر دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت، لە کەرتی گشتی دانەمەزرابێت، تەمەنی لە 60 ساڵ بەرەوخوار بێت، هەروەها پڕۆژەکەی لەنێو هەرێمی کوردستان بێت، تەمەنی پڕۆژەكە زیاتر لە ساڵێك بێت، و هەندێك مەرجی تریش.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵی رابردوو وەكو قۆناخی تاقیكاری 25 پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لە پڕۆژەی گەشانەوە سوودمەندبوونە بە بڕی 2.5 ملیۆن دۆلار کە 82 هەلی کاری نوێیان رەخساندووە لە دوای پارەداركردن.
هەر لەبارەی پڕۆژەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتەکە لێخۆشبوونی بۆ ئەوانە دەرکرد کە لە رابردوودا قەرزی پڕۆژەی بچووکیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوایین کۆبوونەوەی دا بڕیاریدا لە کەسوکاری ئەوانە خۆشبێت کە قەرزیان وەرگرتووە بۆ پڕۆژەی بچووک، بەڵام نەیانگەڕاندووەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی رۆژی هیوا جەمال، ژمارەیان 55 کەسە و بەتەواوی لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە، بڕی ئەو قەرزەی ماوە وەربگیرێتەوە زیاتر لە 292 ملیۆن دیناری عێراقییە و بەر لێخۆشبوونەکە کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ