رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان چوونی خەڵک بۆ چیای گابار، چیای جوودی و چەند ناوچەیەکی دیکە بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، 14 ناوچەی سنووری شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، قلەبان، باسان و ئەلکێ، وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە رۆژی 12ی ئایاری 2025 دەستیپێکردووە و تاوەکو 26ی ئایاری 2025 بەردەوام دەبێت.
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون" و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان، پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
ئەم بڕیارەی پارێزگای شرنەخ لە کاتێکدایە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 رایگەیاند لە رۆژانی 5-7ـی ئایاردا کۆنگرەی 12ـی خۆی کردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ