دەستەی مافی مرۆڤ: پارێزەری خۆبەخش بۆ بنەماڵەی تاریقی بەقاڵ دابین دەکەین

13-06-2022
سیداد لەشكری @sidadlashkri
بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی هێرشکردنە سەر چەند کەسێک لە دادگەی سلێمانی
بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی هێرشکردنە سەر چەند کەسێک لە دادگەی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ناو دادگەی سلێمانی هێزە ئەمنییەکان بە شەق لە چەند ژنێک دەدەن، دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی کوشتنی تاریقی بەقاڵ بوو، مانگی نیسانی ساڵی 2019 ئاسایشی سلێمانی تەرمی تاریقی بەقاڵی دۆزییەوە، تاریقی بەقاڵ باوکی چوار منداڵ بووە و تاقانەی 10 خوشکە.
 
ئەمڕۆ سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی تاریقی بەقاڵ دادگایی کران، لەکاتی دادگاییەکە پشێوی دروست بوو و بە بڕیاری دادوەر 10 خوشک و دایکی تاریقی بەقاڵ لە بنکەی سەرچنار دەستبەسەرکران، هەر ئەمڕۆش ئازادکران.
 
خوشکێکی تاریقی بەقاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە دادگاییکردنەکە ناڕازین، چونکە ئەو ماددەی تۆمەتبارێکی پێ گیرا بوو گۆڕاوە و سزاکەی کەمکراوەتەوە، بڕیارە تۆمەتبارێک ئازاد بکرێت".
 
شۆخان ئەحمەد، یەکێک لە پارێزەرەکانی ناو دادگەی سلێمانییە و لەکاتی رووداوەکە لە دادگە بووە، ئەو دەڵێت، هەر کەسێک گرتە ڤیدیۆیەکە ببینێت "رادەچڵەکێت"، رۆژانە شەڕی هاوشێوە لە دادگە دەبینرێت، پۆلیس چارەسەری کێشەکە دەکات، بەڵام ئەمڕۆ جیاواز بوو، پەلاماردان و راکێشان لە دادگە هەبووە، بەڵام یەکەمجارە هێرشی لەم شێوەیە لە دادگەی سلێمانی رووبدات، لەکاتی رووداوەکە کارمەندەکانی هێزی پۆلیس هێرشی سەر خەڵک و پارێزەرانیشیان دەکرد.
 
کارزان ئەمیر، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن بەشداریی بەرنامەی بەرپرسیاری کرد کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و گوتی، ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێندراوە، هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نییە پۆلیس هێرش بکاتە سەر خەڵک، بەڵام بەبڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان کارمەندەکانی هێزە ئەمنییەکان ئەوەی لە ڤیدیۆکە دەرچووە راگیراون، تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرنەچن سزای کارمەندەکان دیاریناکرێت.
 
سلێمان موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و پەیوەندی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، گرتە ڤیدیۆیەکە "جەرگبڕ و ناخۆشە"، بە هەموو شێوەیەک ئەو هەڵسوکەوتەی هێزە ئەمنییەکان سەرکۆنە دەکەن، چونکە شکۆی مرۆڤ گرنگیی خۆی هەیە و هەر بیانوویەک بۆ تووندوتیژی لەگەڵ ئافرەتێک جێگەی قبووڵکردن نییە".
 
سلێمان موحسین دەشڵێت، "ئەگەر خێزانەکە پێویستیان بە پارێزەریش بێت، ئێمە دەتوانین پارێزەرێکی خۆبەخشیان بۆ بگرین و هاوکارییان دەکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە