نووری مالیکی بە ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە هەڵبژێردرایەوە

13-07-2019
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن نووری مالیکی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق لە دووەم رۆژی کۆنگرەی گشتیدا نووری مالیکی بە ئەمینداری گشتی هەڵبژاردەوە.

دوای دواکەوتنی بەستنی کۆنگرەی گشتی بۆ چەندین ساڵ، حیزبی دەعوەی ئیسلامی دوێنێ هەینی لە شاری کەربەلا و بە بەشداری نزیکەی 350 سەرکردە و ئەندامی، کۆنگرەی گشتی بەست و ئەمڕۆ شەممە و لە دووەم رۆژی کۆنگرەکەدا بۆ جاری دووەم نووری مالیکی بە ئەمینداری گشتی هەڵبژاردەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردەکانی دەعوە لە دۆخی حیزبەکەیان ناڕازین، دیارترینی ئەو ناڕازییانەش حەیدەر عەبادییە کە دوای هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

حەیدەر عەبادی لە راگەیەندراوەکەیدا رایگەیاند، "حیزبەکە دەتوانێ خۆی دروستبکاتەوە بەشێوەیەک گونجاو بێ لەگەڵ مێژووی دێرینی و ئەرکە گەورە نیشتمانییەکان کە لە وڵاتە خۆشەویستەکەمان هەن، دوور لە قۆرخکردن و دەستباڵابوونی بەرژەوەندی توێژێک بەسەر کاروبارەکەی و سیاسەتەکانییدا".

نووری مالیکی لە 20ی ئایاری ساڵی 2006وە ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامییە.

نووری کامیل مالیکی

لەدایکبووی ساڵی 1950
ماستەری لە زمانی عەرەبی هەیە
ئەندامی ئەنجوومەنی کاتیی دەسەڵات بوو 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کاتیی عێراق بوو
ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بوو
ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامییە
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە
2006 تا 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو
2014 تاوەکو 2015 جێگری سەرۆککۆمار بوو

حیزبی دەعوەی ئیسلامی

ساڵی 1957 دامەزراوە
محەممەد باقر سەدر دایمەزراند
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا چەکی دژی دەسەڵاتی بەعس هەڵگرت
ساڵی 1998 باڵێکی لێجیابوەوە
باڵە نوێکە ناونرا حیزبی دەعوەی رێکخستنی عێراق
لە ساڵی 2005 تاوەکو 2018 سەرۆکوەزیران لە حیزبی دەعوە بووە 
نووری مالیکی ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەیە


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە