ئامارەکانی هاتووچۆ: رۆژانە 11 رووداوی هاتووچۆ روودەدەن و 20 کەس دەبنە قوربانی

13-07-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن رووداوی هاتووچۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ، دەردەکەوێت رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 11 رووداوی هاتووچۆ روودەدەن و زیاتر لە 20 کەسیش دەبنە قوربانی. 
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 1920 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، 3667 قوربانییان لێکەوتووەتەوە. لە ئامارەکەدا دەردەکەوێت رۆژانە بە تێکڕا 11 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و زیاتر لە 20 کەسیش گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.
 
بەپێی ئەو ئامارە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دراوەتە (رووداو) لە ماوەی 181 رۆژدا 3394 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە برینداربوون و 273 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ بە رووداوی گوت: "تیژڕۆیی شۆفێرەکان، بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل، ناتەواویی تووندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەکان، خراپی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان دیارترین هۆکارەکانی پشت رووداوەکانی هاتووچۆن".
 
سەبارەت بە ئامارەکانی ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی رابردوو، عەمید ئەسعەد مەلا کەریم گوتی: "بەراورد بە ساڵی 2020 ئەمساڵ ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییانیش زیاترن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە