رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی پشتێنەیی کەلار - گردەگۆزینە، ئۆتۆمبێلێک لە هاونیشتمانییەک دەدات. بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی شارەکە، هاونیشتمانییەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گەنجەکە هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە، ناناسرێتەوە و داواش دەکات هەر کەسێک زانیاری لەبارەی هەیە کەسوکارەکەی ئاگادار بکاتەوە.
سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو شۆفێرێک کە ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری نیسان ئەڵتیمای پێ بووە، لە رێگای پشتێنەی قەزای کەلار بە ئاراستەی گوندی گردەگۆزینە رۆیشتووە. ئەو شۆفێرە لە هاونیشتمانییەک دەدات و بە سەختی برینداری دەکات؛ هاونیشتمانییەکە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە قەزای کەلار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."
گەنجەکە، بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان کە لە شاهێدحاڵەکانی وەرگرتووە، دوای دابەزینی لە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری جیپ ئۆتۆمبێلەکە لێی داوە.
لەبارەی ناسنامەی گەنجەکەوە، عەقیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"هاونیشتمانییەکە تەمەنی نزیکەی 15 ساڵە و کابۆیەکی شین و بلوزێکی رەشی لەبەردایە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ بەهۆی نەبوونی هیچ ناسنامەیەکیش ناناسرێتەوە و هەر کەس زانیاری لەبارەی هەیە کەسوکاری ئاگادار بکاتەوە تاوەکو سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ