رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، بە دووری یەک کیلۆمەتر لە ناوەندی وەرتێ، چاڵێکی گەورە هەڵدەکەنرێت بۆ کۆکردنەوە و داپۆشینی زبڵ و خاشاکەکە.
شەممە، 13-07-2024، شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە ناوەندی وەرتێ، چاڵێکی گەورە هەڵدەکەندرێت بۆ کۆکردنەوە و داپۆشینی زبڵ و خاشاکەکە، بەڵام ئەوە چارەسەرێکی کاتییە و دوای تەواوکردنی ریسایکلینی سۆران، چاڵەکە بەیەکجاری پڕ دەکرێتەوە."
چەند ساڵێکە ناحیەی وەرتێی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، کێشەی شوێنی کۆکردنەوە و فڕێدانی زبڵی هەیە. لە شوباتی 2023، دانیشتووانی ناحیەی قەسرێ، لەبەر کەڵەکەبوونی زبڵ خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزاییان دەربڕی لەوەی زبڵی وەرتێ لە نزیک قەسرێ کەڵەکە دەبێت.
شۆڕش حەسەن گوتی: "بە شێوەیەکی رێکوپێک دەست بە رێکارەکان کراوە بۆ هەڵکەندنی چاڵەکە کە دەکەوێتە گوندی چنێران، دەورووبەری چاڵەکە تێلبەند دەکرێت، بۆ رێگریکردن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشەکەکە."
ئاماژەی بەوەشکرد، زبڵەکە ناسووتێنرێت، بەڵکو بۆ ماوەی هەفتەیەک لە چاڵەکە کۆدەکرێنەوە و پاشان ژێر خۆڵ دەکرێت، تاوەکو ریسایکلینی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ