رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەلایەتی دەستی لەکارکێشابێتەوە و دەشڵێت، "بۆ ماوەی 20 رۆژ مۆڵەتی کردووە و وەزیری دارایی بە وەکالەت لە شوێنی ئەو کارەکان رایی دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 13-8-2023، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی دەستبەکاربوونی ئاوات شێخ جەناب، لە شوێنی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی 20 رۆژ مۆڵەتی کردووە، مۆڵەتی ئاسایی خۆیەتی و هەندێک پشکنینی تەندروستی دەکات، بۆیە ئەو ماوەیە لە وەزارەت نابێت و لەبری ئەو ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری بە وەکالەت دەستبەکاربوو، بۆیە ئەو هەواڵانەی باس لە دەستلەکارکێشانەوەی کوێستان محەممەد دەکەن راست نین."
ئەو قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوای ئەوە دێت، بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کار، ئەمرۆ یەکشەممە، 13-8-2023، راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پێشوازییان لە ئاوات شێخ جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری کرد کە بە "وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت" ناساندوویەتی و هاوکات باسی لە ئیشوکارەکانی وەزارەتی کردووە و بەپێی راگەیێندراوەکە: "باسی لە زوو راییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان کرد و ئەو ماوەیەی کە دەستبەکارە ھیوای خواست ھەموو تواناکان بخرێنەگەر بۆ خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیان."
کوێستان محەممەد یەکێکە لە وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامی پێشووی پەرلەمانە و لە کابینەی نۆیەمدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و ئاوات شێخ جەنابیش، وەزیری دارایی و ئابووریی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ