دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی قەرەتەپە دەکرێتەوە

13-08-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند، بەمزووانە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی قەزای قەرەتەپە دەکرێتەوە و دەشڵێت، خەڵکی خانەقین و دەوروبەری دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن.
 
نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، رۆژی چوارشەممە، 13-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قەرەتەپە بە فەرمی کراوەتە قەزا و لە رۆژانی داهاتوودا دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقام دەکرێتەوە."
 
سەبارەت بەوەی کێ مافی خۆبەربژێرکردنی هەیە، نزار لهێبی روونیکردەوە، "خەڵکی خانەقین، قەرەتەپە، جەلەولا( گوڵاڵە) و ناوچەکانی دەوروبەری مافیان دەبێت خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن."
 
قەرەتەپە پێشتر ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو لە پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
تەها جبووری، قایمقامی قەزای قەرەتەپە بە وەکالەت، رۆژی چوارشەممە بە رووداوی گوت: "بابەتی بەقەزاکردنی قەرەتەپە خزمەت بە خەڵک و ناحیەکانی سەر بە قەزاکە دەکات. قەرەتەپە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بەدەست دوورەپەرێزییەوە دەناڵێنێت، چونکە لە قەزای کفری کە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە دابڕاوە، دوای 2003ش بە خانەقینەوە لکێندرا، بەڵام دووریی نێوانمان لەرووی لۆجستییەوە زیانی بە هاووڵاتییان گەیاندووە". تەها جبووری پێی وانییە هیچ لایەنێک دژی بڕیارەکە بێت".
 
رۆژی 16ـی تەمموزی 2025، عەدنان محەممەد عەباس شەمەری، پارێزگاری دیالە، فەرمانێکی کارگێڕیی بە ژمارە 6878 دەرکرد. بە گوێرەی فەرمانەکە، کە ئەوکات وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوت و پاڵپشتە بە نووسراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بڕیاری ژمارە 62ـی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە رێکەوتی 31-12-2023، بڕیار درا بە:
 
یەکەم: بەرزکردنەوەی ئاستی ئیداریی ناحیەی قەرەتەپە بۆ قەزا و دیاریکردنی شارۆچکەی قەرەتەپە وەکو سەنتەری قەزاکە.
 
دووەم: جیاکردنەوەی ناحیەی جەبارە لە قەزای خانەقین و لکاندنی بە قەزای قەرەتەپەوە.
 
سێیەم: راسپاردنی تەها ئیبراهیم مەحموود بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری قەزاکە بەوەکالەت، تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە قایمقامێکی نوێ هەڵدەبژێرێت.
 
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر لیستی یەکێتی، رۆژی سێشەممە، 22-07-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "لەسەر داوای ئێمە، عومەر مەعن ساڵح کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە بۆ راگرتنی رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە."
 
ئەوس مەهداوی هۆکارەکانی رەتکردنەوەی بڕیارەکەی روونکردەوە و گوتی، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسەکە پێکدەهێنرێت، بەڵام "بەدڵنیاییەوە قەرەتەپە مەرجەکانی تێدا نییە". 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە چەند هۆکارێک دەخاتەڕوو:
 
یەکەم: ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە ناگاتە ئەو ئاستەی بکرێتە قەزا.
 
دووەم: ناحیەی کۆکس، کە ناحیەیەکی سەر بە ئیدارەی هەرێمی کوردستانە نەک دیالە، بە نایاسایی خراوەتە سەر قەزا نوێیەکە.
 
سێیەم: قەرەتەپە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچەکانی مادەی 140 و نابێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئیداریی تێدا بکرێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دژی بڕیارەکەن و بە هەنگاوێکی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنی دەزانن.
 
رۆژی 2ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە داوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە پاساوی بڕیارەکەی بەوە هێنایەوە کە "سێ ناحیە هەبوون بە هیچ قەزایەکەوە نەبەسترابوونەوە، ئەوانیش قەرەتەپە، جەبارە و کۆکس بوون، ئەمەش وایکرد پێویست بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی قەزا بکات بۆ رێکخستنی ئیداریی ناوچەکە."
 
بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانان، یەکە ئیدارییە نوێیەکان بەم شێوەیە دەبن:
 
- قەزای قەرەتەپە: کۆدی ئیداری (2109)
 
- ناحیەی جەبارە: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21092)
 
- ناحیەی کۆکس: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21093)
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.