رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان دەستپێدەکات و بڕیارە لە یەک رۆژدا تەواو بکرێت. گوتیشی، ئەمڕۆش رێنماییەکان بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی نێردراون.
رۆژی چوارشەممە، 13-9-2023، تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ بەشێک لە دەزگاکانی میدیای حیزبەکەی باسی لە ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ رێنماییەکان بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئامادەکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنەکان بۆ کارکردن لەسەر کۆنفرانسەکان دەنێردرێن. لە هەفتەی داهاتوودا کۆنفرانس بۆ هەڵبژاردن لە مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێدەکات و بڕیارە لە یەک رۆژدا سەرجەم کۆنفرانسەکان بکرێن."
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە لە هەر مەڵبەند و ئۆرگانێکدا، تەلار لەتیف گوتی، بەپێی دەنگدەرانی هەر ناوچەیەک دەبێت و تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق بنچینە دەبێت بۆ دیاریکردنی ئەندامانی هەر ناوچە و مەڵبەندێک.
لە لایەکی دیکەوە لاهوور شێخ جەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-9-2023، لە بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینیی کاروان عەلی شامار لە سلێمانی، قسەی لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتییەوە کرد و گوتی، "شتێک بە ناوی یەکێتییەوە نەماوە تا کۆنگرە بکات."
بڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە کە تەنیا دوو هەفتەی ماوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی لە شاری سلێمانی ببەستێت. رۆژی دووشەممە، 11-9-2023، یەکێتی دروشمی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی راگەیاند کە بریتییە لە "نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا."
رۆژی 20ـی ئابی 2023 لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری کەرکووک بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پێنج درا. ئەمەش لە کاتێکدایە کۆنگرەی چوارەم لە 21-12-2019 بەسترا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆنگرە 4 ساڵ جارێک دەبەسترێت، بەمەش کۆنگرەی پێنج نزیکەی سێ مانگ بەر لە وادەی خۆی دەبەسترێت.
لە کۆنگرەی چواردا ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە 1000 ئەندام بوو، بەڵام یەکێتی بڕیاری داوە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە 40٪ کەمبکاتەوە و 600 کەس ببنە ئەندامی کۆنگرە.
رۆژی 10-9-2023، تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە بەشێک لە میدیاکانی حیزبەکەی گوت، ئەوانەی دەبنەوە ئەندامی کۆنگرە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئێستا و پێشوو، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، دەستەی دامەزرێنەران، هێزەکانی پێشمەرگەی 76ن و گوتیشی، دەستکراوە بە فۆرم پێدانیان و ئێستا ناسنامەیان بۆ دروست دەکرێت.
یەکێتیی کە لەساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە؛ لە سێ کۆنگرەدا جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا و لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرا و هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ