هێمن بابان رەحیم و هەردی محەممەد
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەستپێکرد کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکووری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس کە بەهۆیەوە نزیکە سەدان هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە پارێزگای کەرکووک داگیرکران.
سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، "بەپێی ئەو بڕیارە بێت، 2888 گرێبەستی عەرەبی هاوردە و خەڵکانی دیکە هەڵدەوەشێتەوە کە لەسەر زەویی کورد و تورکمان کراون."
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، کە رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2023 بە ژمارە 21081 دەرچووە و ئاراستەی هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکانی "پردێ، یایجی، مولتەقا، تازە، لەیلان، سەرگەڕان، شوان و قەرەهەنجیر" بە ناونیشانی "جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی ژمارە 76ـی لێژنە" کراوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی بڕیاری ژمارە 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی 2012 کە تایبەتە بە زەویی کورد و تورکمان.
نووسراوەکە دوای کۆبوونەوەکەیەکی لیژنەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک نێردراوە و لە رۆشنایی نووسراوێکی فەرمانگەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ژمارە 16592 لە 24-8-2023 بووە کە داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012 دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 13-9-2023، محەممەدئەمین سادق، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکار لە جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت: "ئەو نووسراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک دەرچووە، دوای ئەوەی لە رابردوودا هەوڵێکی زۆرمان لە وەزارەتی كشتوکاڵ و لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 دا و لەگەڵ چەندین بەرپرس و لایەنی عێراقی کۆبووینەوە، بەپێی ئەو بڕیارە 2 هەزار و 888 گرێبەستی عەرەب و ئەوانەی دیکە کە بە ناهەق لەسەر زەویی کورد و تورکمان کراوە، هەڵدەوەشێتەوە. بڕیارەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 29ـی ساڵی 2012یە کە بڕیاریداوە بڕیارەکانی لیژنەی کارووباری باکوور هەڵبوەشێندرێتەوە."
سەبارەت بە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی کشتوکاڵی کەرکووک، محەممەدئەمین سادق دەڵێت: "بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە 285 هەزار دۆنم زەویی کورد بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەگەڕێندرێتەوە لە کورد و تورکمان و زۆرینەیان زەویی کوردن، زۆرینەی زەوییەکان لە سەرگەڕان و پردێ و شوان و قەرەهەنجیرن."
لە کۆبوونەوەی رۆژی 24-1-2012یدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 29ـی دەرکرد کە بریتییە لە:
- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە کوژاندنەوەی مافی رەفتارکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.
- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن لە بەهای دامەزراوەکانیان و ئەو شتانەی چاندوویانە و هەر نوێکردنەوەیەک کردوویانە لەسەر ئەو زەوییانە و گێڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بەپێی ئەم بڕیارە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەیان بە پێدانی زەویی نیشتەجێبوون لە پارێزگا رەسەنەکانیان بە مەرجێک نزیک بێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی رەسەنیان.
بەپێی ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوکاڵی کەرکووک، کە رۆژی 11ـی ئەم مانگە دەرچووە، بڕیاردراوە بە جیبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
- فەرمانکردن بە هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکان ناوی ئەو جووتیارانەیان پێبدات کە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکوور دەیانگرێتەوە.
- سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەسەر ئەو زەوییانەی کراون کە بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکوور کراون بە هەڵوەشاوە هەژماردەکرێت.
- پێویستە لەسەر هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکانی پەیوەندیدار ناوی ئەو جووتیارانەی بڕیارەکەی سەرەوە دەیانگرێتەوە نەخەنە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە.
- رەفتار نەکرێت بەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بڕیارەکانی کوژاندنەوە دەیانگرێتەوە، بۆ هیچ مەبەستێک بێت، لەگەڵ رایینەکردنی مامەڵەکانی کردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی یان وەبەرهێنان.
- فەرمانکردن بە هۆبە کشتوکاڵییەکانی پەیوەندیدار بە وەرگرتنی داواکاریی ئەو جووتیارانەی بڕیاری سەرەوە دەیانگرێتەوە بۆ پێشکێشکردنی داوای قەرەبووکردنەوە بۆ ئەوانەی قەرەبوو نەیگرتوونەتەوە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیانەوە، لەگەڵ دیاریکردنی ئەو پڕۆژانەی لەسەریان کراون وەکو "هەڵکەندنی بیر، پەڕژینەکان و شتی دیکەش."
- رایینەکردنی هیچ مامەڵەیەک لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ئەگەر بۆ کشتوکاڵ بەکارهێنرابوون و نوێکردنەوەی نەخشەی سەرەکی یان نزیکیی لە فراوانکردنی سنووری شارەوانیی دراوسێی.
ساتح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەواوی گرێبەستەکانی کەرتی 15 و 18 لە ئەمڕۆوە هەڵوەشاوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خاوەن تاپۆکان کە جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووکن."
هەروەها سەرچاوەیەک لە هۆبەی گرێبەستەکانی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری ژمارە 29 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و داوایان لەو جووتیارانە کردووە کە گرێبەستیان هەیە سەردانیان بکەن، ئەگەر قەرەبوویان وەرنەگرتووە قەرەبوو وەردەگرن و ئەگەر قەرەبوو کراونەتەوە مافیان لەسەر زەویوزارەکان نامێنێت. بڕیارەکەش بەگشتی تەواوی زەویوزارەکان دەگرێتەوە جگە لەو زەوییانە کە زەویی وەزارەتی نەوتن."
لەدوای ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە داگیرکراوە و کراون بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە، وەکو وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری و دارایی و کشتوکاڵ.
رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و، تێیدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 دەکاتەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتەی عێراقەوە دەرکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ