چیرۆکی جەنگاوەرێکی کورد کە لە جەنگی جیهانی دووەم بەشداری کردووە

13-10-2019
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
هاوژینەکەی کەریم حەمەد لەگەڵ وێنەیەکی کەریم حەمەد وێنە: رووداو
هاوژینەکەی کەریم حەمەد لەگەڵ وێنەیەکی کەریم حەمەد وێنە: رووداو
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر 

کەریم حەمەد سنجاوی خەڵكی هەولێرە و یەکێکە لەو کوردانەی لە جەنگی جیهانی دووەم بەشداربووە، هەرچەندە زیاتر لە 40 ساڵە کۆچی دواییکردووە، بەڵام هاوژینەکەی یادگارییەکانی لەبیرنەکردووە و بۆ رووداوی دەگێڕێتەوە. 
 
رەمزییە مستەفا، هاوژینی کەریم حەمەد سنجاوییە، یەکێکە لەو کەسانەی یادگارییەکانی هاوژینەکەی پاراستووە، دەڵێت، ماوەی چوار ساڵ وەکو سەربازێکی ئینگلیزی لە قوبرس بووە و شەڕی دژی نازییەکان کردووە. 
 
کەریم حەمەد سنجاوی کە خەڵکی هەولێر بووە لەنێوان ساڵەکانی 1942 بۆ 1946 لەگەڵ هێزی لێڤی عێراقی کە بەریتانیا دروستیکردبوو لە قوبرس شەڕی دژی نازییەکانی ئەڵمانیا کردووە.
 
رەمزییە دەڵێت "کە ویستوویەتی بەشداری سوپا بکات زۆر بە تەمەن نەبووە، رەیسی ئینگلیزیش هەر کەس بەژنی نەبووایە وەریندەگرت، بەردێکی داناوە و چووەتە سەری تاکو بەژنی بڵند بێت و وەرگیراوە".
 
هاوژینەکەی ئاماژە بەوە دەکات، کەریم بەهۆی خزمەتی سەربازی "ئینگلیزییەکی زۆر جوان قسەی دەکرد، کە هاتیشەوە بۆ ئێرە هەرکەس بهاتبایە سەردانی دەکرد و زۆریان خۆشدەویست". 
 
کەریم حەمەد سنجاوی لەدایکبووی ساڵی 1927ـە و لە تەمەنی 46 ساڵی کۆچی دوایی کردووە.
 
کچەکەی کەریم حەمەد باس لەوە دەکات کە باوکی بە چی شێوازێک بەشداری جەنگ بووە و دەڵێت، سەر بە هێزی ئاسمانی شاهانە بووە کە گرووپ گرووپ بوونە، باوکیان زۆر بەدڵبووە و پێیان گوتووە بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە. 
 
کەریم بەتەنها نەبووە لە بەشداریکردن لە جەنگی جیهانی؛ عومەر ئەحمەد بەرزنجی، شێخ برۆ، سیابەند عەلی و عەلی عەبدولڕەحمان لەو دەیان سەربازە کوردەن کە لە جەنگی دووەمی جیهانی بەشدارییان کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە