رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (2025/10/13)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بیرۆل ئەکیجی، پارێزگاری شرنەخی باکووری کوردستان و تورکیا لەگەڵ شاندێکی یاوەری کرد. شاندەکە لە سەرۆکی شارەوانی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی شرنەخ و سەرۆکی ژووری بازرگانیی جزیر پێکهاتبوو.
بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا کە پارێزگاری هەولێر و کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چۆنیەتیی برەودان بە چالاکیی ئابووری، زانکۆیی و کولتووریی نێوانیان خرانە بەر باس.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا داكۆكییان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودانى زياتر بە هاریکاریی هاوبەش و فراوانکردنی بوارهکانی بازرگانی و هاتووچۆ و گهشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کرد. لەم بارەیەوە باس لە ئاستی پەیوەندییەکانی شرنەخ لەگەڵ هەولێر و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرا.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دۆخی سووریا، مەترسییەکانی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ