رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو دەڵێ، ئەم ساڵ بە گوژمەی نزیکەی 4 ملیار دینار زیاتر لە 10 پڕۆژەیان جێبەجێ کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 3 هەزار و 700 فەرمانبەری سنوورەکەیان زەوییان پێدەدرێ.
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو، رۆژی دووشەممە 28-10-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوار ساڵی رابردوودا دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان جێبەجێ کردوون و ئەم ساڵیش زیاتر لە 10 پڕۆژە بە گوژمەی نزیکەی 4 ملیار دینار خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە کە زۆربەیان تەواو بوون."
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو وردەکاریی بەشێک لە پڕۆژەکانی ئەم ساڵی خستەڕوو و گوتی، کارکردن لە چەند پڕۆژەیەکی دیکەش بەردەوامە، لەوانە:
- پڕۆژەی جووتسایدی شەقامی ژین: سایدێکی تەواو بووە و تاوەکو دوو هەفتەی دیکە قیرتاو دەکرێ، بەڵام کارکردن لە سایدەکەی دیکە بۆ دوای وەرزی بارانبارین دوادەخرێ.
- رێگەسازیی کۆڵانەکانی کەرتی هەزار و دوو هەزار: لەم هەفتەیەدا بە گوژمەی 147 ملیۆن دینار دەستپێدەکات.
- رێگەسازیی کۆڵانەکانی کەرتی سێ هەزار: بە گوژمەی 87 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێ.
- شەقامی 20 مەتریی نزیک مزگەوتی شەش شەهیدانی مورتکە: بە گوژمەی 98 ملیۆن دینار دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
- شەقامی سەوزەفرۆشان: شەقامێکی 20 مەتریی نوێیان بۆ دروستکراوە.
بەگوتەی رەوەند قادر، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەردی بناخەی گەورەترین کۆمەڵگەی پەروەردەیی لەسەر رووبەری نزیکەی 13 دۆنم زەوی لەلایەن کۆریای باشوورەوە دانراوە و شارەوانی زەوییەکەی دابین کردووە.
سەبارەت بە پلانی ساڵی 2026، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو گوتی، چەند پڕۆژەیەکیان ئامادەن و چاوەڕێی رەزامەندین، لەوانە، پڕۆژەی شەقامی 30 مەتری تاوەکو مزگەوتی عەبدوڵڵا کاکە لەگەڵ شەقامێکی 20 مەتری بە گوژمەی یەک ملیار و 280 ملیۆن دینار، نۆژەنکردنەوەی پارکی گەورەی دارەتوو بە گوژمەی 280 ملیۆن دینار و دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە دارەتووی نوێ.
لە دارەتوو، مەرجی پێدانی مۆڵەتی خانووبەرە، چاندنی دارە. رەوەند قادر دەڵێت: "ئەم ساڵ 482 هاونیشتمانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان وەرگرتووە. ئەگەر خانووەکە 100 مەتری بێت، دەبێت دارێک بچێنێت و ئەگەر 200 مەتریش بێت، دەبێت دوو دار بچێنێت."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بارانبارین، رەوەند قادر گوتی: "ئامادەکاریی پێویستمان کردووە و بەردەوامین لە پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو."
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی سنوورەکە بوونی سەگی بێلانەیە. سەرۆکی شارەوانی گوتی: "ئەم ساڵ 877 سەگی بێلانە رەوانەی شێڵتەر کراون و هەڵمەتەکانیشمان بەردەوامن؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژانە نزیکەی 60 بۆ 70 تۆن زبڵ و خاشاک لە سنوورەکەدا کۆدەکرێتەوە.
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو گوتی: "ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ پێدانی زەوی بە 3,787 فەرمانبەر کە دانیشتووی سنوورەکەن و کارتی زانیارییان لەسەر دارەتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ