ماڵی خێزانێکی 6 کەسی بووەتە خۆڵەمێش و لە ماڵی دراوسێیان دەژین

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
رووداوەکە شەوی سەری ساڵ روویداوە.
رووداوەکە شەوی سەری ساڵ روویداوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەوی سەری ساڵ، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک ئاهەنگیان دەگێڕا و بە ئومێدەوە پێشوازییان لە ساڵی نوێی 2026 دەکرد، خێزانێکی هەژاری شاری سلێمانی، بەهۆی ئاگرێکەوە نەک تەنیا ماڵەکەیان، بەڵکو دوایین هیوای ژیانیشیان لەدەستدا و ماڵەکەیان بووە خۆڵەمێش.
 
قادر عەلی و خێزانەکەی، لە گەڕەکی دارەتوو، بەنیازبوون ئەو شەوە لە ماڵی کچێکیان بە خوانێکی سادەوە ساڵی نوێ بەڕێبکەن، بەڵام گڕی ئاگری شۆرتێکی کارەبا، هەموو خەونەکانیانی کردە خۆڵەمێش. قادر، کە ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە ماڵی دراوسێیەکدا دەژین، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێت، "کە گەڕاینەوە، هەموو شتێک ببووە خەڵووز، هیچمان بۆ دەرنەچوو."
 
ژیانی ئەم خێزانە پێش ئاگرەکەش، تراژیدیایەکی بەردەوام بوو. قادر، 12 ساڵە نەخۆشیی شەکرەی هەیە و چوار مانگ لەمەوبەر جەڵتەی مێشک لێیداوە، بەجۆرێک توانای کارکردنی نەماوە. هاوژینەکەی، شەهلا، تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە، ئەگەر چارەسەری پێویست وەرنەگرێت، مەترسیی بڕینەوەی دەستی لەسەرە.
 
قادر عەلی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە، گوتی: "250 دینار لە ماڵەکەم نییە بیدەمە کچەکەم بۆ قوتابخانە. ئێستا لە ماڵی دراوسێکەم دەژیم. بژێویم سەختە و خۆیشم توانای کارکردنم لەدەستداوە، خۆم، هاوژین و کچێکم پێویستمان بە چارەسەرە. چارەسەریی هاوژینەکەم و ماڵێک تەنیا ئاواتمە."
 
شەهلا، کە فرمێسک بە چاوانیدا دێتە خوارەوە، دەڵێت، "داواکارم هاوکاریم بکەن با دەستم لە کیس نەچێت. منداڵەکانم لەم سەرما و سۆڵەیەدا جلوبەرگیان نییە و لەبەر نەبوونی، لە خوێندنیش دامبڕیون."
 
ئەو خێزانە شەش منداڵیان هەیە، دوو لە کچەکانی قادر، هاوژینییان پێکهێناوە. کوڕە گەورەکەیان، کە تەمەنی 16 ساڵە، وازی لە خوێندن هێناوە و لە مارکێتێک مانگانە بە 250 هەزار دینار کار دەکات. کچێکی 12 ساڵیشیان نەخۆشە و دڵی کونە.
  
سەرەڕای ئەوەی قادر سێ مانگە کرێی خانووی نەداوە، بەڵام مرۆڤدۆستی لەنێو کۆمەڵگەدا ون نەبووە. کاوان کازم، خاوەنی خانووە سووتاوەکە، دەڵێت، "گەردنیان ئازاد بێت، هیچم لێیان ناوێت و خانووەکە خۆم نۆژەنی دەکەمەوە." 
 
رێباز یوسف، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە، کە چەندین جار لە گیرفانی خۆی یارمەتیی داون، دەڵێت، "زۆر پێویستن، بەڵام داوای یارمەتی لە هەموو کەس ناکەن. قادر لەبەردەم ماڵەکەم جەڵتە لێیدا و گەیاندمە نەخۆشخانە. ئەو خێزانە هیچ شتێکیان نییە و پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە."
 
بە گوتەی شەهاب قادر، موختاری گەڕەکەکە، دوای رووداوەکە، خەڵکی خێرخواز بڕی سێ ملیۆن دیناریان بۆ خێزانەکە کۆکردووەتەوە.
 
ئێستا، قادر و شەهلا و منداڵەکانیان، لە چاوەڕوانی دەستێکی خێرخوازدان تاوەکو لانەیەکیان بۆ دابین بکرێت و بتوانن لەژێر ساباتی ماڵێکی خۆیاندا، برینەکانیان ساڕێژ بکەنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەقامێکی هەولێر.

هاتووچۆی هەولێر بۆ شوفێران: بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی چاودێریتان دەکەین

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بۆ ساڵی 2026 بەرنامەیەکی نوێی چاودێری و سزادانی سەرپێچیکاران دەستپێدەکات و هۆشداری دەداتە شوفێران کە لە ترافیک لایت، بازگە و مەفرەزەکاندا، بە ئۆتۆمبێلی میری و "تابلۆ شارستانی" چاودێریی وردی پابەندبوون بە یاساکان دەکەن.