رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی هێرشەکان دا بۆ سەر ئێران ، بەیانی و ئێوارەی یەکشەممە ١ی ئاداری 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن هێرشێکی قورسیان کردە سەر دەیان بنکە و ناوەندی سەربازی و ئەمنیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێران لە دووەم رۆژدا بەردەوام بوون و زیاتر بنکەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پاسەوانیی سنوور کرانە ئامانج.
پێشنیوەڕۆ و نیوەڕۆی یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، لە دەوروبەری شاری ورمێ سەربازگەکانی (ئەلمەهدی) و (مالکی ئەشتەر)ی سوپای پاسداران و هەروەها لە نێوشاری ورمێ، بارەگای فەرماندەیی پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانیی سنووری پارێزگاکە کرانە ئامانج. فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، سێ ئەفسەری باڵا و سەربازێک کوژراون.
لە نزیک شاری کرماشان، فەرماندەیی قەرارگەی (نەجەفی ئەشرەف)ـی سوپای پاسداران بۆردوومان کرا. ئەو قەرارگەیە جموجۆڵ و چالاکییەکانی سوپای پاسدران لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەدەبات.
بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور لەنێو شاری (مێران)ی پارێزگای ئیلام کرایە ئامانج. عەلی نەدرخانی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 22 کەس لە هێزەکانیان کوژراون و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، بارەگاکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و خاپوور بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بەشێک لە خەڵکی مێران شارەکەیان چۆڵ کردووە، بەڵام قایمقامی مێران شەوی یەکشەممە بە میدیاکانی گوت، هەواڵەکە راست نییە و دۆخی شارەکە ئاساییە.
هەروەها میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنە، سەربازگەیەکی سوپای پاسداران و ژمارەیەک خانووی شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندەکانی سوپا کراونەتە ئامانج. تاوەکو ئێستا ئەو هێرشە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە و زیانەکانی رانەگەیێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ