رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و شەش وڵاتی عەرەبی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەکەن، کە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە؛ رایدەگەیێنن، ئەو هێرشانە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، نووسینگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشی هەریەک لە ئەمریکا، بەحرەین، ئوردن، کوێت، قەتەر، سعودیە و ئیماراتی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانەی ئێران "هەڕەمەکی و بێباکانە" بوون و خاکی چەندین دەوڵەتی خاوەن سەروەرییان کردووەتە ئامانج.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەمریکا، بەحرەین، ئوردن، کوێت، قەتەر، سعودیە و ئیماڕاتی عەرەبی بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییە هەڕەمەکی و بێباکانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بۆ "سەر خاکە خاوەن سەروەرییەکانی ناوچەکە، لەوانە بەحرەین، عێراق، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیماراتی عەرەبی."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئەم هێرشە بێ پاساوانە ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلیان خستووەتە مەترسییەوە و زیانیان بە ژێرخانی سڤیل گەیاندووە."
ئەو حەوت وڵاتە هۆشداری دەدەن لەوەی رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی "پەرەسەندنێکی مەترسیدارە" و دەڵێن: "بە ئامانجگرتنی سڤیلەکان و ئەو وڵاتانەی کە تێوەنەگلاون لە ململانێکان، رەفتارێکی سەرکێشانە و تێکدەری سەقامگیرییە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەو وڵاتانە جەخت لە یەکدەنگیی خۆیان دەکەنەوە و رایدەگەیێنن: "ئێمە بە یەکگرتوویی دەبین بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیان، سەروەری و خاکمان؛ دووپاتی مافی خۆمان بۆ بەرگری لەخۆکردن دەکەینەوە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی پابەندیی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دووپات کردووەتەوە و دەستخۆشییان لە "هاوئاهەنگییە کاریگەرەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی" کردووە، کە توانیویانە رێگری لە زیانی گیانی و وێرانیی گەورەتر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ