85 بەربژێری سەربەخۆ فۆرمی خۆبەربژێرکردنیان وەرگرتووە

14-03-2024
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی کوردستان تاوەکو رۆژی چوارشەممە 85 بەربژێری تاک فۆرمی خۆبەربژێرکردنیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و، بەشێکیان فۆرمەکەیان گەڕاندووەتەوە.
 
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو رۆژی چوارشەممە هیچ هاوپەیمانییەک تۆمار نەکراوە، بەڵام 36 حیزب سەردانیان کردوون و فۆرمی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن وەرگرتووە، 15 حیزب فۆرمەکەیان گەڕاندووەتەوە.
 
سەبارەت بە تۆمارکردنی بەربژێری تاکیش، فەرهاد ئەسعەد شێتنە گوتی "55 کەس وەکو بەربژێری تاک فۆرمی بەشداریکردنیان وەرگرتووە، 18 کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و بۆیان گەڕاندووینەتەوە."
 
لە نووسینگەی سلێمانیش، کە حیزب و بەربژێر و هاوپەیمانی و حیزبەکانی هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجەی تێدا تۆمار دەکرێت، تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەک تۆمار نەکراوە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14-3-2024) دوایین رۆژی تۆمارکردنی هاوپەیمانییە.
 
ئامانج عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند "تائێستا 13 حیزب فۆرمی بەشداریکردنیان پڕکردووەتەوە، هەروەها 18 بەربژێری تاکیش فۆرمیان وەرگرتووە." 
 
لە بازنەی دهۆکیش هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە، هیچ هاوپەیمانییەک تۆمار نەکراوە.
 
خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "تاوەکو رۆژی چوارشەممە تەنیا سێ حیزب (پارتی، یەکگرتوو و هاوپەیمانیی نیشتمانی) سەردانیان کردووین، هەروەها 12 بەربژێری تاکیش فۆرمیان وەرگرتووە."
 
بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ وۆرکشۆپێک بۆ حیزبە بەشدارەکان و بەربژێرە تاکەکان لە بارەی چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆبەربژێرکردن دەکەنەوە. گوتیشی: "پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت."
 
رۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی

سەرۆک بارزانی: بە گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران زۆر خەمگین بووم

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەت و کەسوکاری سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.