کۆمیسیۆن پێشبینی دەکات سبەی زۆربەی حیزبەکان لیستی بەربژێرەکانیان پێشکەش بکەن

27-03-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند تاوەکو ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش بە کۆمیسیۆن نەکردووە، دەشڵێت سبەی دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران و بەشی زۆری لایەنەکان سبەی پێشکێشی دەکەن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە."
 
دەشڵێت "سبەی دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، پێشبینی دەکەین پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانیێتییەکان لە دوا رۆژدا کە سبەی پێنجشەممەیە، لیستەکانیان پێشکێش بکەن."
 
ئەو قسانەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن لەکاتێکدان، سبەی (پێنجشەممە، 28-3-2024) دوا وادەیە لەبەردەم ئەو لایەن و کەسانەی دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دامەزراوەی راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی و کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی 28ـی ئادار دوامۆڵەتە بۆ هاوپەیمانیێتی و حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسییەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
تاوەکو دوێنێ (سێشەممە) دوو هاوپەیمانیێتی و دوو پارتی سیاسیی لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردبوو. 
 
دوو هاوپەیمانیێتییەکە لە بازنەکانی هەڵبژاردن لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بەشداری دەکەن، هەرچی دوو پارتە سیاسییەکەیە لە سلێمانی و لە هەڵەبجە بەشدار دەبن.
 
هەروەها لەسەر ئاستی تاکەکەسی 11 کەس لە بازنەی هەولێر ناویان پێشکێشکردووە، لە پارێزگای سلێمانیش 13 کەس و لە دهۆک 12 کەس و لە بازنەی هەڵەبجەش هیچ بەربژێرێکی تاک نییە.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک "رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان" لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئادار، 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.

بەرپرسێکی ئەمریکی: هەرێمی کوردستان هاوپەیمان و هاوبەشی 360 پلەی ئەمریکایە

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و رایانگەیاند، هەرێمی کوردستان "هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا."