بە 316 درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ 8 گیانلەدەستدان و 41 بریندار هەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
بەرپەرچدانەوەی هێرشێک لە هەولێر. وێنە: رووداو
بەرپەرچدانەوەی هێرشێک لە هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 28ـی شوباتەوە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، بە 316 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر 4 پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لە دوێنێ هەینییەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 14ـی ئادار، هەرێمی کوردستان 32 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتەسەر، 29 هێرشیان بۆسەر پارێزگای هەولێر بوون، دوو هێرش بۆسەر پارێزگای سلێمانی و لە قەزای ئاکرێش لە سنووری پارێزگای دهۆک درۆنێک بێ زیان کەوتووەتە خوارەوە.
 
هێرش و قوربانییەکانی 24 کاژێری رابردوو
 
نوێترین ئەو هێرشانەی لە دوێنێوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، کەوتنە خوارەوەی دوو درۆن لە سنووری رواندز و خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، بۆردوومانکردنی چیای بەنی هەریر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کەوتنەخوارەوەی درۆن لە سنووری کۆمەڵگەی سێبیران و فەرمانبەرانی هەولێر، تێکشکاندنی چەند درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر، کەوتنە خوارەوەی درۆنێک لە سنووری ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک و بۆردوومانکردنی ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و بۆردوومانکردنی فەرماندەیی دەڤەری دووی پێشمەرگە لە سلێمانی بە درۆنێک و بۆردوومانکردنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە باشیک بووە؛ هەروەها بۆردوومانکردنی کەمپێکی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر. 
 
هەر بەهۆی هێرشەکانەوە، لە دوێنێوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسیش بریندار بوون. ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و چوار برینداریش پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوون و دوو بریندارەکەی دیکە هێزێک ئەمنی بوون لە سنووری هەولێر، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جێژنیکان.
 
قوربانییەکانی 15 رۆژی هێرشەکان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هەرێمی کوردستان بە 316 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری. لەو ژمارەیە 265 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و سنووری پارێزگاکە کراون، 44 درۆن و مووشەک ئاراستەی سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون؛ هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەوە پێنج درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک کراون یان لە سنوورەکە کەوتوونەتە خوارەوە، هەروەها دوو درۆنیش ئاراستەی سنووری هەڵەبجە کراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە هێرشی 316 درۆن و مووشەک، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 41 کەسیش برینداربوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی جیای رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. 
 
هەر لە نێو بریندارەکان نۆ سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بوو لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی.
 
هەروەها دوو ئەندامی هێزێکی ئەمنی لە نزیک هەولێر بریندار بوون و ئەمڕۆش دوو هاونیشتمانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپێکی نزیک هەولێر بریندار بوون.
 
هەر لە ئەنجامی هێرشەکان، 18 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شەش سەربازی فەرەنسا برینداربوون.
 
‎ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر: درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جێژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان و سۆران.
 
‎پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.
 
‎پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ.
 
‎پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
 
‎زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە