رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، هاووڵاتییەک دەستڕێژی گوللـەی کرد، 16 کەسی بریندارکرد و دواتریش خۆی کوشت.
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 14-4-2026 روویدا. هێرشەکە لەلایەن گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بەناوی (عومەر کەت)کرا.
ئەو گەنجە بە چەکەوە چووە سەر ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو لە گەڕەکی حەسەن چەلەبیی شارەکە.
دوای ئەوەی چووە نێو قوتابخانەکە، بە هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللـەی لە قوتابی و مامۆستایان کرد. مامۆستایان و قوتابیان نەیاندەزانی دەنگی تەقە لەکوێوە دێت و ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبووەوە.
ڤیدیۆ گەیشت.. ببینە چۆن هێرشکارێک (کە خۆی قوتابییە) لە قوتابخانەیەکی رووها تەقە دەکات، بەهۆیەوە پۆلیسێک و 15 قوتابی و مامۆستا بریندارن. pic.twitter.com/iK5qR3nrGt
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 14, 2026
هێرشکارەکە چووە نێو قوتابخانەکە و ئەوەی چووە بەردەمی تەقەی لێکرد.
لەو هێرشەدا 16 کەس کە بریتی بوون لە 4 مامۆستا، 10 قوتابی، کارمەندێكی قوتابخانەکە و پۆلیسێک بریندار بوون. 12 لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی سوێرەگ لەژێر چاودێریدان.
رووداو لە بەردەم قوتابخانەکەوە هاونیشتمانییانی دوواند
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم قوتابخانەی (ئەحمەد کۆیونجو)ەوە رایگەیاند، عومەر کەت کە پێشتر قوتابیی ئەم قوتابخانەیە بووە، ئێستاش ناوی لە قوتابخانەکەدا تۆمارە و بە شێوەی دەرەکی دەخوێنێت، کەسی هێرشکار بووە.
نەشئەت قرمزیتەپە کە هاونیشتمانییەکی دانیشتووی سوێرەکە بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:"ئەوەی روویدا زۆر دڵگرانی کردین، خۆزگە رووداوێکی وەهامان نەدەبیست. ئەو کەسە گەنجێکی نەزان بوو. هیوادارین ئەمە دووبارە نەبێتەوە. بێگومان ترس و دڵەڕاوکێ لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە هەیە".
هێرشکارەکە رەتیکردەوە خۆی رادەست بکات و خۆی کوشت
تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و هێزە تایبەتەکان چوونە قوتابخانەکە. قەرەباڵخیی زۆر لەبەردەم قوتابخانەکە دروست بوو و رێگەکان گیران.
هێزە ئەمنییەکان، سەرەتا قوتابییانی قوتابخانەکەیان دوورخستنەوە. دواتر گەمارۆی هێرشکارەکەیان دا و ویستیان دەستگیری بکەن، بەڵام هێرشکارەکە رەتی کردەوە خۆی بەدەستەوە بدات و هەر بە چەکەکەی دەستی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
پەیامنێری رووداو گوتی، هێرشکارەکە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا بە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، هەڕەشەی لە قوتابخانەکە کردووە و نووسیویەتی: " ئامادەبن! چەند رۆژێکی دیکە هێرش دەکرێتە سەر ئەم قوتابخانەیە، خۆتان ئامادە بکەن".
ئەگەرچی هێشتا ئەو دەنگۆیانە بە فەرمی پشتڕاستنەکراونەتەوە، بەڵام خەڵکی رووها رەخنە لە لایەنی پەیوەندیدار دەگرن بەوەی هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر.
پارێزگاری رووها ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە 16 کەس لە هێرشەکەدا بریندار بوون و بەشێکیان بەهۆی سەختیی بریندەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەشێک لەو بریندارانە بۆ ئەوەی خۆیان رزگاربکەن، لە نهۆمی سەرەوەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە و بە سووکی بریندار بوون.
لە ساڵی 2025دا 2784 رووداوی تەقەکردن تۆمارکراوە
بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، ساڵی 2025، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 3 هەزار 422 رووداوی شەڕکردن روویانداوە، لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 225 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 167 کەسیش بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، لە 2 هەزار و 784 رووداودا تەقە کراوە و لە 638 رووداویشدا کەرەستەی وەکو چەقۆ و هاوشێوەکانی بەکارهێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ