رووداو دیجیتاڵ
دوای داخستنی ئاسمانی عێراق و گیرخواردنی ژمارەیەک هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە و ئەورووپا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ژوورێکی هەماهەنگییەوە چەند رێکارێکی نوێی بۆ گەڕانەوەیان راگەیاند و دەڵێت، "گرنگترینیان رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا بۆ پێدانی ڤیزەی ترانزێت لەکاتی گەیشتن".
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ژوورێکی هەماهەنگی پێکهێنراوە بۆ ئاسانکاری لە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی بەهۆی دۆخی ئێستاوە لە فڕۆکەخانەکاندا ماونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هاووڵاتیانەی پاسپۆرتی عێراقییان هەیە، دەتوانن بەبێ ڤیزەی پێشوەختە گەشت بکەن بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ یان سەبیحە گۆکچەن.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ گەیشتنیان، هاووڵاتییان ڤیزایەکی ترانزێتی پێنج رۆژەیان پێدەدرێت. لەوێشەوە دەتوانن بە رێگای وشکانی یان لەڕێگەی گەشتی ناوخۆیی تورکیاوە بگەڕێنەوە بۆ نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بێنەوە ناوەوە.
هەروەها ئەو هاووڵاتیانەی لە ئەورووپاوە دێن و ڤیزەی شینگنیان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین داوای ڤیزەی تورکی بکەن، یان بەهەمان شێوەی خاڵی پێشوو، بەبێ ڤیزە گەشت بکەن و لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا ڤیزە وەربگرن.
ژمارە تەلەفۆن بۆ پەیوەندیکردن
ژووری هەماهەنگی داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەوانەی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە گیریان خواردووە، دەتوانن لەڕێگەی واتسئەپەوە پەیوەندی بەم دوو ژمارەیەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)ـەوە بکەن و زانیارییەکانیان بنێرن:
07508035680
07508035681
ئاماژە بەوەش کراوە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازی و ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە لە رێگای وشکانییەوە لە تورکیا و ئێران دەگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ