رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵیش فیستیڤاڵی هەنجیر لە ناحیەی تەقتەقی سەر بە پارێزگای هەولێر رێکدەخرێت و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئامانجمانە گەشتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق ببەینە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان و بەرهەمی سەرجەم ناوچەکانیان پێ بناسێنین".
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 14-7-2023 لەبارەی فیستیڤاڵەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"دووەم ڤیستیڤاڵی هەنجیر لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ناحیەی تەقتەق بەڕێوەدەچێت. لەو فیستیڤاڵەدا جگە لە هەنجیر، چەندین جۆر لە بەرهەمی باخەوان و جووتیاران پیشان دەدرێت؛ نوێنەری چەندین کۆمپانیای گەشتیاری کە گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن لەوێ ئامادە دەبن."
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی، بڕیارە فیستیڤاڵەکە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ رێکبخرێت.
سەبارەت بە مەبەستی فیستیڤاڵەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی، "لە دەستەی گەشتوگوزار کار دەکەین لەسەر ئەوەی کە هەر ناوچەیەک بە بەرهەمی خۆی بناسرێتەوە و کار بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان دەکەین؛ جگە لەوە دەمانەوێت یارمەتیدەر بین بۆئەوەی گەشتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بچنە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەبێتە داهات بۆ ئەو ناوچانە، بەتایبەت کاتێک ئاگادارین هەندێکیان داهاتێکی ئەوتۆیان نییە."
ساڵی رابردووش لە تەقتەق بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیار و خاوەن باخەکان، فیستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەچوو.
زیاتر لە 30 جۆری هەنجیر لە هەرێمی كوردستان هەیە. هەنجیری شۆشی، ریحانی، شینكە، زەردە، میرانی، ئەزمیری، گونجی دۆشاوی، یەحیا بەگی، شاكری، پایزە، ئاكرێ، تەقتەق، بێناتی، بجیل، شنگال، تەوسكەی كیوی، بەرۆنە، هەڵشۆ و مەرگە لە هەنجیرە بەناوبانگەکانن.
هەنجیری ئاكرێ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ناوبانگێكی زۆری هەیە. بەپێی داتاكان، لەو قەزایەدا زیاتر لە 6 هەزار داری هەنجیر هەیە و بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی 800 تۆن؛ بەهۆی زیادبوونی رووبەری باخەكانیش بەردەوام بەرهەمی ئەم قەزایە لە زیادبووندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ