رووداو دیجیتاڵ
پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەدوای کۆبوونەوەیان، دەڵێن، "هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، بە شێکی دیکەی کۆبوونەوە "تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین."
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە جێگری سەرۆکی پارتیشن، ئامادە بوون.
لە لایەنی یەکێتییش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیە، ئامادە بوو.
دەقی راگەیێندراوە هاوبەشەکە:
راگەیندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەمڕۆ 14ی تەممووزی 2025 بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو رەهەندەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرێن.
بە شێکی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.
لێرەدا کۆبوونەوە جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ