رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی بەفەرمی راگەیاند و هەڵگورد نەجیبیشی وەکو سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دیاریکرد. ئیدارەکە لە چوار قەزای، سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پێکدێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، وەکو حکومەت "پاڵپشت و پشتیوانی" ئیدارەکە دەبن.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە یەکەم ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ رۆژهەڵات و باکووری کوردستان هەیە. رووبەری ئیدارەکە پێنج هەزار و 470 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و 14 شارۆچکە لەخۆدەگرێت. دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران تاکە دەروازەی فەرمییە کە ئیدارەکە و پارێزگای هەولێر بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، رۆژی بەجێگەیاندنی بەڵێنی سەرۆک بارزانییە بۆ ئەم دەڤەرە و رۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیی پێشمەرگە قارەمانەکانمان."
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەکەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد، ئەو گوتی، "زەمینەسازیمان کرد بۆ بەستنەوەی فەرمانگەکانی سۆران بە وەزارەتی ناوخۆ و... ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 10 ئۆتۆمبێلی بۆ فەرمانگەکانی سۆران دابینکرد."
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی راگەیاند کە پێداویستییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابیندەکرێن.
دەڤەری سۆران لە سەرەتای بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد وەکو مەسرور بارزانی باسی کرد "بنکە و پشتیوانی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان بووە، ئیدی قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات و ئاییندەیەکی گەش چاوەڕوانتان دەکات."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەرچی بکرێت بۆ ئەم دەڤەرە کەمە، ئێمەش لە حکومەت ئەوەی لە تواناماندا بێت بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئەم ئیدارە سەربەخۆیە لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان، لە کەمکردنەوەی رۆتین و هاوکاریی راییکردنی هاووڵاتیان."
لەبارەی ناسەقامگیریی لە بەشێک لەو ناوچە سنوورییانەی کە دەکەونە سنووری ئیدارەکە، مەسرور بارزانی گوتی، "هەموو هەوڵێک دەدەین کە سەقامگیریی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە کە بێوێنەن لە رووی گەشتیاری و بخرێنە خزمەتی خەڵکی کوردستانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ