رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نامەیەک ئاراستەی سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان، پارێزگاکانی دێرەزوور، رەققە دەکات.
لە نامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: "پشتگیریی برایەتی و هاوپەیمانێتیی گەلی کورد و عەرەب دەکەم، چونکە بنەمایەکی مێژوویی هەیە".
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
بۆ سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی هۆزەکانی ناوچەکانی جەزیرە، دێرەزوور، رەققە و تەبقە.
بەڕێزان:
سەرەتا، بە خۆشحاڵی و خۆشەویستی و رێزەوە سڵاوتان لێ دەکەم.
یەکگرتن و پشتیوانی ئێوە بۆ کورد لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراسی، واتایەکی زۆر گەورەی هەیە. ئێوە لەڕێگەی ئەم رێککەوتنەوە، بنەمایەکی مێژوویی نوێ بە متمانەوە بۆ پەیوەندی و هاوپەیمانێتیی نێوان گەلی عەرەب و کورد دروست دەکەن. لە دڵی مێژوو و رابردوودا، پەیوەندی لەنێوان گەلی کورد و عەرەبدا هەبووە. لە قووڵایی مێژوودا هەمیشە دۆستایەتی و برایەتی لەنێوان گەلی عەرەب و کورد لەپێشەوە بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە بووەهۆی ئەوەی زۆرینەی کورد بە ئاسانی بچنە نێو ئیسلامی پیرۆز لە ماوەی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەیدا بە سەرۆکایەتیی پێغەمبەر محەممەد (دروودی خودای لێ بێت) و، هۆکاری سەرەکی ئەمەش پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان گەلی کورد و عەرەب بوو. ئەم پەیوەندییە برایەتییە لە نێوان هەردوو گەلدا دوای ئیسلامیش بۆ چەندین سەتە بەردەوام بوو و گەشەی کرد.
واتە ئەم رێککەوتنەی ئێوە ئەمڕۆ پێشەنگایەتی دەکەن، لە لایەکەوە مێژووییە و، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵایەتییە، هەروەها بنەمایەکی سیاسیشی هەیە. بۆیە ئەم هەڵوێست و یەکگرتنە لە سووریا گرنگییەکی گەورەی هەیە و من بایەخێکی زۆری پێ دەدەم. پشتگیریی برایەتی و هاوپەیمانێتی گەلی کورد و عەرەب دەکەم، چونکە بنەمایەکی مێژوویی هەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە پەرەمان پێدا و رێنماییمان لەسەر بنەمای برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموکراسی دەرکرد. دەبێت هەمووان یەکسان و ئازاد بن و پێکەوە بژین و پێکەوە کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن. یەکسانی و ئاسایش و دادپەروەری دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە دروست بکرێ؛ هەروەها دەبێت عەرەب و کورد پێکەوە بە ئاشتی بژین و ئەمەش پەیوەستە بە پشتیوانی ئێوە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات. لەم رووەوە، پشتیوانی ئێوە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات گرنگییەکی زۆر و واتایەکی گەورەی هەیە.
بەڕێزان..
دەتوانن رۆڵێکی گرنگ و مێژوویی بگێڕن لە بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی، ئارام، یەکگرتوو و دادپەروەر. گرنگە بۆ عەرەب و کورد و سریان و ئاشوورییەکان و هەموو ئەوانەی لەم خاکە پیرۆزە دەژین، بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە هەنگاوبنێن. من بەم هیوایە و متمانەیە، بە تووندی لە باوەشتان دەگرم.
دووبارە سڵاو لە هەمووتان دەکەم بەوپەڕی ڕێزەوە.
هیوای تەندروستی و سەرکەوتنتان لە ژیاندا بۆ دەخوازم.
بە سڵاوی دۆستایەتی و برایەتی.
28/7/2025
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
زیندانی ئیمراڵی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ