محەممەدی حاجی مەحموود: ئێستا خەڵکی هەڵەبجە شارەکەیان چۆڵ دەکەن و روو لە شارەکانی دیکە دەکەن

14-10-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش بەغدا بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە پارێزگابوونی تەلعەفەر و شوێنی دیکە گرێداوە و دەشڵێت، "ئێستا خەڵکی هەڵەبجە شارەکەیان چۆڵ دەکەن و روو لە شارەکانی دیکە دەکەن".
 
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی لە هەڵەبجە پێشکێشکرد باسی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن و شارەکە کرد.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ئۆکتۆبەر، محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە شاری هەڵەبجە گوتارێکی پێشکێشکرد و لە سەرەتادا گوتی: ''بانگەشە هەڵبژاردن سەنگەرگرتن و قسەکردن لە دژی یەکتری نییە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بانگەشە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت''.
 
دواتر باسی هەڵەبجەی کرد و كێشەکانی بەپارێزگابوون و خزمەتگوزاری و قوربانیانی کیمیاباران و رایگەیاند: ''تاوەکو ئێستاش بەغدا بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە پارێزگابوونی تەلەعفەر و شوێنی دیکە گرێداوە و عێراق لەسەر حیسابی ئەنفال و هەڵەبجە قەرەبووی کوێتی کردووەتەوە، تەنانەت ئامادە نییە داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە بکات''.
 
ئێران و تورکیا
 
محەممەدی حاجی مەحموود لەبارەی دەستوەردانەکانی ئێران و تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: ''دەبێت رێککەوتنی 1984ی نێوان عێراق و تورکیا هەڵبوەشێتەوە و نابێت رێگەبدرێت خەڵکی ئێمە بە فڕۆکەکانی تورکیا شەهید بکرێن و دەبێ پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی لەبەرامبەر کردەوەکانی تورکیا هەبێت، بەداخەوە ئێستا پەرلەمانی تورکیا بڕیار دەدات سوپاکەی بێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و سنوور ببەزێنێت. پەرلەمانی عێراق هیچی بە دەست نییە''.
 
سەبارەت بە ئێرانیش دەڵێت: ''ئێران ئاوی سیروانی گرتووەتەوە و کەس ناتوانێت قسە بکات، بە داخەوە خۆشمان پڕۆژەی نیشتمانی و نەتەوەییمان نییە و دەبێ گلەیی لە خۆمان بکەین''.
 
کەموکوڕییەکانی هەڵەبجە
 
محەممەدی حاجی مەحموود رووداوێک لەبارەی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەڵەبجە باس دەکات و گوتی: ''ئێمە 20 ساڵە لە یەک هۆڵی هەڵەبجە کۆدەبینەوە و کاتی خۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتە هەڵەبجە و شوێنێک نەبوو تێیدا بمێنێتەوە، زۆر کەس قسە لەسەر هەڵەبجە دەکەن، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا هیچیان بۆ هەڵەبجە نەکردووە''. هەروەها گوتیشی ئێستا خەڵک هەڵەبجە چۆڵ دەکات و روو لە شارەکانی دیکە دەکات و هەڵەبجە ئەنجوومەنی پارێزگای نییە و پەراوێزخراوە و دەبێ پڕۆژەی بۆ جێبەجێ بکرێت.
 
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستوور
 
محەممەدی حاجی مەحموود لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوەدا هەر رێکخراو حیزبێک بۆ خۆی دەستوورێکی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 32 ساڵە دەستوورێکمان نییە و ئەگەر هەبوایە زۆر لە کێشەکانمان بۆ چارەسەر دەبوو، هاوکات دەبووە مەرجەع بۆ زۆربەی پرسەکان و لە درێژەی ئەو بابەتەدا گوتی: ''ئەگەر دەستوورمان هەبووایە بەغدا نەیدەتوانی پەرلەمان و دامەزراوەکانمان هەڵبوەشێنێتەوە، بە داخەوە پەرلەمانێکی تەمەن 32 ساڵەی هەڵوەشاندەوە''.
 
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە بێ هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرد و گوتی: ''پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە و کەس نەیتوانی بڵێ نەخێر، ئەو پەرلەمانەی لە نەوەدەکان بە ئیرادەی میللەتێک دروستکرا و نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێر بوون بەسەر هەڵبژاردنەکانەوە''. محەممەدی حاجی مەحموود لەبارەی بڕیاردەرانی بەغدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا سەربازی هەڵاتووی سەردەمی بەعس بوون لە کوردستان.
 
لە کۆتاییدا دەڵێت: ''ئێمە نامانەوێت پەرلەمانێکی دەستەمۆمان ناوێت، پەرلەمانێکمان دەوێت خاوەنی بڕیار بێت و بەرگری لە خاک و نیشتمان و گەلەکەی بکات و گرنگە خەڵک بچێت دەنگ بدات''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵاکانی عێراق، کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان

ئاراستەیەکی گۆڕان دەڵێت، ئەم مانگە کۆنفرانس دەکەن؛ ئاراستەکەی دیکە دەڵێت، ئاگادار نین

ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، کۆمیسیۆن 16ی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ کۆنفرانسی گشتییان لە شاری کەرکووک. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە ئاراستەی گردی زەرگەتە دەڵێت، "ئاگادار نەکراوینەتەوە."