رووداو دیجیتاڵ
به گوێرهی توێژینهوهیەک له تورکیا و باکووری کوردستان، هێڵی برسێتی بۆ خێزانێكی چوار کەسی 26 ههزار و 925 لیرەیە و هێڵی ههژاری بۆ هەمان خێزان 93 ههزار و 135 لیرهیە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتووی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی بڵاوکردەوە، کە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2025 لەبارەی "هێڵی برسێتی و هەژاری" لە تورکیا ئامادەی کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە تورکیا و باکووری کوردستان مانگی رابردوو هێڵی برسێتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی گەیشتووەتە 26 ههزار و 925 لیرە (نزیکەی 636 دۆلار و 13 سەنت) هێڵی هەژاریش بۆ هەمان خێزان بووەتە 93 هەزار و 135 لیرە (2 هەزار و 200 دۆلار و 41 سەنت).
داتاکانی نێو توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا پیاوێکی پێگەیشتوو بۆ ئەوەی خۆراکێکی تەندروست بخوات، پێویستە مانگانە 7 هەزار و 528 لیرەی تورکی بۆ خۆراک خەرج بکات، کە دەکاتە 177 دۆلار و 86 سەنت.
ئەو بڕە بۆ ژنێکی پێگەیشتوو 7 هەزار و 147 لیرە (168 دۆلار و 86 سەنت)، بۆ گەنجێکی تەمەن 15-18 ساڵ 7 هەزار و 518 لیرە (177 دۆلار و 62 سەنت) و بۆ منداڵێکی تەمەن 4-6 ساڵ 4 هەزار و 733 لیرە (111 دۆلار و 82 سەنت) بووە.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو بڕەی پێویستە بۆ کەسێکی سەڵت بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات لە رێگەی دابینکردنی خەرجییەکانی چێشتخانە و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەی وەکو نیشتەجێبوون، گواستنەوە، پەروەردە و تەندروستی، بەلایەنی کەمەوە بە 43 هەزار و 292 لیرە دیاریکراوە، کە دەکاتە هەزار و 22 دۆلار و 82 سەنت.
بە گوێرەی داتاکانی توێژینەوەکە، خەرجیی رۆژانەی خۆراکی تەندروست بۆ خێزانێکی چوار کەسی بە شێوەیەکی مامناوەند 898 لیرەیە، کە دەکاتە 21 دۆلار و 22 سەنت.
لەو خەرجییانەدا، 297 هەزار و 16 لیرەی بۆ بەرهەمەکانی وەکو شیر، ماست و پەنیرە. لە پلەی دووەمدا گرووپی گۆشت، هێلکە و پاقلەمەنییە وشکەکان دێت بە 227.27 لیرە.
لە کاتێکدا ئەو بودجەیەی کە پێویستە رۆژانە بۆ سەوزە و میوە تەرخان بکرێت، بە 198.73 لیرە هەژمارکراوە. بۆ گرووپی نان و مەعکەرۆنی پێویستە رۆژانە 123.74 لیرە خەرج بکرێت، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکە 50.61 لیرە بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کەمترین بڕە مووچە لە ساڵی 2025 ـدا بە 22 هەزار و 104 لیرە دەستنیشانکراوە کە دەکاتە (522 دۆلار و 23 سەنت).
له تورکیا و باکووری کوردستان نزیکهی 30٪ ـی خهڵک به کەمترین بڕەمووچه کار دهکهن. ئهوهش بهشی بژێوییان ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ