رووداو دیجیتاڵ
چوار مامۆستای ئایینی لە پیرانشار بە بەندکردن سزا دران و مامۆستایەکی ئایینی دیکەش بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری تەورێز سزای چوار ساڵ بەندکردنی بەسەر مامۆستا سولەیمان ئەحمەدی، سێ ساڵ بەندکردنی بەسەر مامۆستا یونس نۆوخا و هەروەها سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەر مامۆستایان شەریف مەحموودپوور و جەمالەدین واژیدا سەپاندووە.
ئەو مامۆستایانە بەهۆی پاڵپشتیکردنیان لە ناڕەزاییەکانی ساڵی رابردوو سزادراون و بە دەستتێکەڵکردن دژی ئاسایشی ئێران و بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە تۆمەتبارکراون.
لە بڕیاری دادگەدا هاتووە، سزای یونس نۆوخا و سولەیمان ئەحمەدی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام سزای دوو مامۆستاکەی دیکە هەڵدەپەسێرێت و ئەگەر تاوەکو چوار ساڵ هیچ تاوانێکی دیکە بکەن، سزاکەیان جێبەجێ دەکرێت.
ئەو مامۆستایانە لە مانگی 1ی 2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران، دوای ئەوەی راگەیێندراوێکیان دژی سەرکوتی خۆپێشاندەران و هەروەها زاڵکردنی کەشی ئەمنی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە. ئەو مامۆستایانە دواتر بە کەفالەت ئازادکران.
هەروەها رۆژی چوارشەممە زانا خوشامن، مامۆستای ئایینی خەڵکی پیرانشار کە پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە دوو ساڵ و یەک مانگ بەندکردن سزا درابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بانگکرایە گرتووخانەی نەغەدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ