رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی چوار ناحیەی نوێی لە سنووری پارێزگای هەولێر دا و سنووری کارگێڕیی ژمارەیەک ناحیە و گوندیشی دیاریکرد.
فەرمانەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. قایمقامی قەزای پیرمام بە رووداوی گوت، "گۆڕانکارییەکە کاریگەری لەسەر ئاسانکردنی کاروباری هاووڵاتیان لە فەرمانگەکانی حکومەت دەبێت".
رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دامەزراندنی چوار ناحیە و لکاندنی ژمارەیەک ناحیە و گوندی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە.
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، "لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فراوانکردنی ناوچە کارگێڕییەکان و هێنانەکایەی ناحیەی تازە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار ناحیەی تازە لە سنووری پارێزگای هەولێر هێنرانە کایەوە".
ناحیە نوێیەکان ریتین لە:
1- هێنانە کایەی ناحیەی کۆڕێ و لکاندنی بە قەزای پیرمامەوە.
2- هێنانە کایەی ناحیەی بەستۆرە و لکاندنی بە قەزای پیرمامەوە.
3- هێنانە کایەی ناحیەی بناری سەفین و لکاندنی بە قەزای پیرمامەوە.
4- هێنانە کایەی ناحیەی بێستانە کە ناوەندەکەی گوندی بێستانە دەبێت و ترازاندنی لە قەزای دەشتی هەولێر.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە لە چوارچێوەی ئەو فەرمانەدا ژمارەیەک ناحیە و گوندیش سنووری کارگێڕیی نوێیان بۆ دیاریکراوە کە پێشتر لە سنووری قەزا و ناحیەی دیکە بوون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- ترازاندنی ناحیەی دارەشەکران بە تەواوی گوندەکانییەوە لە سنووری قەزای خەبات و لکاندنیان بە قەزای پیرمامەوە.
2- ترازاندنی گوندەکانی شیوەپیران و رەسول بچکۆل لە ناحیەی شۆڕش سەر بە قەزای کۆیە و لکاندنیان بە ناحیەی بێستانەوە.
3- ترازاندنی گوندەکانی کانی بزرە، رولکە، هەیتە کوژە، شاقازی، حەسەن موتریب، سۆفی برایم، پونگینە، میرەکانی خدر، چاڵەگردەرە، ئازیانە، قەشقە، خوڕخوڕ، دووشیوان، پەلکانە لە قەزای قوشتەپە و لکاندنیان بە ناحیەی بێستانەوە لە قەزای دەشتی هەولێر.
4- ترازاندنی گوندەکانی بێستانەی گەورە، سەرمەزرا، بێستانەی بچووک و ئۆمەرەسۆر لە قەزای دەشتی هەولێر و لکاندنیان بە ناحیەی بێستانەوە لە قەزای دەشتی هەولێر.
رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023، حامد ئیسماعیل، قایمقامی قەزای پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەبارەی فەرمانەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سنووری قەزای پیرمام فراوانتر دەبێت و دەبێتە چوار ناحیە و نزیکەی 130 گوند کە لەسنووری زێی گەورە لای ئاکرێ دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە سنووری دەربەندی گۆمەسپان لە نزیک قەزای کۆیە".
حامد ئیسماعیل گوتیشی، "فەرمانەکە دوای ئەوە هات کە بەهۆی کێشەی کارگێڕییەوە بەشێک لەو ناوچانە کە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەریان تێدا دەژیت، کێشەیان هەبوو؛ ئێستا دوای ئەو فەرمانە سنووری کارگێڕی و مامەڵەکانیان روونتر دەبێت و کارەکانیان لە فەرمانگەکان باشتر دەڕوات".
فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بریتییە لە 14-12-2023.
پیرمام لە 15.2.2022 بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایە قەزا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ