رووداو دیجیتاڵ
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێت، لەڕێگەی دادگەوە بەشێک لە موڵکەکانی گەڕەکی عەرەفە دەستی بەسەردا گیراوە، بەوهۆیەوە دانیشتووانی گەڕەکەکە خێوەتیان هەڵداوە و مانگرتنیان راگەیاندووە.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە دەرکردووە و ناتوانن بچنە دەرەوەی وڵات.
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دانیشتوویەکی گەڕەکەکە بە نوێنەرایەتی گەڕەکەکە رایگەیاند،
"کۆمپانیای نەوتی کەرکووک بە هاوکاری پارێزگای کەرکووک ئەم بابەتەیان بردووەتە دادگە، ئەوانیش ئێمەیان لە کەرکووکدا قەتیس کردووە و تەنانەت دەست بەسەر موڵکەکانمان بە 'مەنقولە و غەیر مەنقولە'وە [ گواستراوە و نەگوازراوە]دا گیراوە."
دانیشتووانی ئەو گەڕەکە ئەم هەنگاوەیان بە "شێوازێکی نوێی تەعریب" نێوبرد، کە دەیانەوێت کورد لەو ناوچانە بکەنە دەرەوە. "تەنانەت ئێستا ناوی هەموو دانیشتووانی ئەم گەڕەکە بە بازگەکاندا بڵاوکراوەتەوە وەکو ئەوەی ئێمە تاوانبارێکی راکردوو بین."
ئەوان باس لەوە دەکەن بەبێ ئەوەی ئاگاداربکرێنەوە، دادگە فەرمانی بە "حیجز"کردنە سەر موڵکەکانیان دەرکردووە و لە بەدواداچوونێکی خۆیاندا زانیویانە کە رۆژی 28-12-2023 رۆژی دادگەیی کردنیانە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت بەر لەوە ئاگاداربکرێنەوە.
دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا داوایان ئاراستەی هەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و رایانگەیاند، "کوڕەکانتان لەگەڵ ئەم عەقڵییەتە شۆڤێنییەی کەرکووک لە کێشەدان و بەزۆر سەپێنراوە بەسەرماندا."
"تاوەکو کەی بە هاووڵاتیی ژمارە چوار سەیر بکرێین؟"
نوێنەری گەڕەکەکەی کەرکووک گوتی، تاوەکو کەی ئێمە ماڵ و پێخەفی خەوەکەمان بەسەر شانمانەوە بێت و ئەم شار و ئەو شار بکەین؟ تاوەکو کەی لەم شارە وەکو هاووڵاتییانی رەقەم سێ و چوار سەیربکرێین؟"
داوا لەلایەنە کوردستانییەکان دەکەن ئەو بڕیار و زوڵم و ستەمەی لێیان دەکرێت بتوانن رایبگرن و گەڕەکی ئەوان و گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک لەو "نەهامەتییە" رزگاربکەن.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، هێزێکی سوپای عێراق رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023، هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک و داوای چۆڵکردنی 122 خانووی کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بە زێدەڕۆ دروستکرابوون و ناوی ئەو خێزانانەیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵیان بکەن.
پێشتر ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 28-12-2023 نووسراوێکی رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد و داوای دەرکردنی دانیشتووانی ئەو گەڕەکەی کرد و باسی ئەوەی کردبوو، ئەو زەوییانە موڵکی وەزارەتی دارایین و خانووی وەزارەتی بەرگرییان لەسەر دروستکراوە.
ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووک یاسایەکی دەرکردبوو کە رێگەی بە هاووڵاتییان دەدا لەنێو خانووە زێدەڕۆکان و ئەو 122 خانووەدا بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت قەرەبوویان دەکاتەوە، بەڵام ئەو رۆژە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و هەر خێزانێک لە ماڵەوە نەبوو، دەستی بەسەر خانووەکەیدا گرت، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک لە وەزیرانی کورد و پەرلەمانتارانی لە ئاستی باڵا هێنایە سەر هێڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ