رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێکی خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرئەوەی نەیتوانیوە پارەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی چاوی کۆبکاتەوە، کۆتایی بە ژیانی هێنا.
ئاژانسی کاری ئێران ناسراو بە (ئیلنا) رایگەیاند، عەبدولرەحمان ئەحمەدی، دانیشتووی گەڕەکی فەرەجەی سنە، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی چاوی پێویستیی بە 70 ملیۆن تمەن (هەزار و 400 دۆلار) بووە، بەڵام چونکە ئەو پارەیەی نەبووە رۆژی 12-02-2024 خۆی کوشتووە.
ئەو کرێکارە منداڵێکی نیڤشکانیشی هەیە.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی رابردوودا 18 هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە نۆیان تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵ بووە.
لەو 18 کەسە هەشتیان لە رەگەزی مێ بوون، کە پێنجیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بووە و سێ کەسیان قوتابی بوون، هەروەها لەنێو ئەو کوڕانەی خۆیان کوشتووە، دووانیان قوتابی بوون.
ئەوین مستەفازادە، کە کۆمەڵناسە لە بارەی خۆکوشتنی ئەو کەسانەوە دەڵێت "ئەم دیاردەیە پەیوەندیی بە بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەوە هەیە، ئەو کەسانەی پەراوێز خراون، پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ