رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە هەردوو دیوی دەروازەی کێلێ هاتووچۆی بازرگانی لەو دەروازەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان راگیراوە.
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاتووچۆ لە پێش نیوەڕۆی دوێنێوە راگیراوە. تیمەکانمان سەرقاڵی لابردنی بەفرەکەن و تاوەکو نیوەڕۆ کارەکانیان تەواو دەکەن."
دەروازەی سنووریی کێلێ لە هەرێمی کوردستان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەر بە شاری سەردەشتە لە پارێزگای ورمێ.
لەبارەی کاتی کردنەوەی رێگەکە، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین گوتی، "لای ئێمەوە ئەمڕۆ دەکرێتەوە، بەڵام شەوی رابردوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەم کرد و گوتیان بەفری زۆر باریوە و گەرەنتییان نەدا کە ئەمڕۆ رێگەکە بکرێتەوە."
بەگوێرەی ئاماری گومرگی راپەڕین بۆ رووداو، ساڵانە نزیکەی 36 هەزار بارهەڵگر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە لە دەروازەی کێلێەوە کاڵا دەهێننە نێو هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دەروازەکانی کێلێ و سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن کە نێودەوڵەتی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ