رووداو دیجیتاڵ
14ـی شوبات، رۆژی خۆشەویستی، بووەتە هەلێکی زێڕین بۆ گوڵفرۆشانی هەرێمی کوردستان. دەرباز عەبدولڕەحمان کە 17 ساڵە گوڵفرۆشە، تەنیا بۆ ئەم ساڵ حەوت هەزار گوڵی سووری ئەفریقیی ئامادە کردووە.
لە پایتەختی هەرێمی کوردستان 38 گوڵفرۆشی هەن کە زۆربەی گوڵەکانیان هاوردەن. دەرباز عەبدولڕەحمان، گوڵفرۆشێکە و دەڵێت: "گوڵەکان بەپێی سەرچاوەی هاوردەکردنیان جیاوازی نرخیان هەیە. گوڵی ئیکوادۆر گرانترە و هەموو کەسێک ناتوانێت بیهێنێت."
بەپێی ئامارەکان، زۆرترین ئەو گوڵانەی دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان لە کینیاوە هاوردە دەکرێن و دوای ئەویش ئێران و هۆڵەندا دێن. بەهۆی گرانیی نرخ و دووریی رێگەوە، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە بازرگانان گوڵ لە ئیکوادۆر دەهێنن.
بۆ زۆربەی کڕیاران، گەورەیی و جوانی گوڵەکان گرنگترە لە سەرچاوەی هاتنیان. سامان جانگیز، یەکێک لە کڕیاران دەڵێت: "گرنگ نییە نرخەکەی چەند بێت، گرنگ ئەوەیە جوان و گەورە بێت."
شانیار توانا، کڕیارێکە دیکەیە و گوڵ بۆ خۆشەویستەکەی دەکڕێت. ئەو دەڵێت، لای گرنگ نییە گوڵەکان لە کوێوە هاوردە کراون؛ "بۆ من گرنگە گوڵەکان جوان بن، بۆنێکی خۆشیان هەبێت."
بەپێی ئاماری بازرگانانی گوڵ، تەنیا بۆ ڤاڵنتاینی ئەم ساڵ، زیاتر لە نیو ملیۆن گوڵی سوور بە بەهای نیو ملیۆن دۆلار هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. لەم رێژەیە، 190 هەزار گوڵ بۆ هەولێر، 210 هەزار گوڵ بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، و 80 هەزار گوڵ بۆ دهۆک هاوردە کراوە.
ئەم ساڵ لەبەر ئەوەی رۆژی ڤاڵنتاین کەوتە رۆژی هەینییەوە، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری لەسەر فرۆشی گوڵەکان هەبووبێت، چونکە دەوام و دامودەزگا حکومییەکان داخراو بوون.
رێباز عەبدولڕەحمان، گوڵفرۆش دەڵێت: "تایبەت بۆ رۆژی ڤالانتاین دووکان هەیە 5 هەزار داوا دەکات، هەیە 7 هەزار داوا داکات، هەیە 10 هەزار داوا دەکات تەنیا رەنگی سوور، بە پێی کڕیار و کاتی خۆی. سەبارەت بە ئەم ساڵ کەوتە رۆژی هەینی کە زۆر جیاوازە. یانی دەوام نییە، پەیمانگە نییە، قوتابخانە نییە، هیچ دەزگایەکی حکومی نییە، ئەوان کەریگەری زۆریان لەسەر بازاڕ هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ