رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانێکی کورد ئۆتۆنۆمی بە مافی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەزانێت و دەڵێت، بەبێ کورد دۆخی سووریا ئاسایی نابێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتان گرنگی بە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و گرووپە چەکدارە تووندڕۆکانی نێو سوپای عەرەبیی سووریا نادەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-02-2026، سێیەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەدەچێت. لە کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و وەزیرانی کاریگەری وڵاتان هەبووە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەکانی درێژەیان هەیە.
هاوکات مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن و ژمارەیەک کۆبوونەوەیان هەبووە.
دوزەن تەکال، سیاسەتڤان و چالاکڤان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشی کرد، لەبارەی گرنگیی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ پرسی کورد بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ''رووداێکی گەلێک گرنگە، ئەمە یەکەم جارە کەسانی وەک مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەشدار دەبن.''
دوزەن تەکال گوتی، ''پێویستە دەنگی کورد بگاتە جیهان و بتوانین لەگەڵ هەموو کەسێک لە ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گفتوگۆ بکەین. ئەمە بە کارێکی گەلێک گرنگ دەبینم. خەڵک دەبێ لەوە تێبگات کە چی بەسەر کورد دەهێنرێ و چەندە شەهیدمان داوە.''
ئەو سیاسەتڤانە ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا کرد دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گوتی، ''ئەوە بەبێ دەنگی کورد نابێ، بۆیە پێویستە دەنگی رۆژئاوای کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆکان بێت. کاتێک خەڵک دادەنیشن و بۆ رزگاریی سووریا بڕیار دەدەن، من دەڵێم دەبێ پێکەوە رێکبکەوین، بەبێ کورد ئەم کارە ناکرێ.''
''کورد پێویستی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتییە''
دوزەن تەکال لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا دیدارێکی لەگەڵ لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی هەبوو کە دۆستی کوردە و دەڵێت، ''بەداخەوە کورد متمانەیان بە کەس نەماوە، بەڵام دیسان من چاوەڕێم [بۆ هاوکاری]. کاتێک لەگەڵ لیندزی گراهام قسەم کرد، زۆر بە باشی تێگەیشت و گوتی هەسەدە و کورمانج هاوڕێی ئێمەن.''
ئەو سیاسەتڤانە ئەوەشی خستەڕوو، جیهان ئاگاداری بەرگریی کوردە لە ساڵی 2014 و 2015ـدا لە کۆبانی لە بەرامبەر هێرشی داعش و ''پێموایە زۆر بە باشی لەوە تێدەگەن، بەڵام کورد ناتوانن بە تەنیا ئەم کارە بکەن. جیهانیش دەبێت پاڵپشتیمان بکات. ئێمە تەنیا بۆخۆمان شەڕ ناکەین، بەڵکو بۆ پاراستنی جیهان و مرۆڤایەتییە.''
بەگوتەی دوزەن تەکال، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە میونشن لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاند و بەرپرسانی وڵاتان بەردەوامن و ''ئەمڕۆش دەنگی خۆیان گەیاندە کاربەدەستانی ئەڵمانیا. ئەوە زۆر گرنگە پاڵپشتی یەکدی بین، چونکە ئەگەر ئێمە دەنگی خۆمان بەرز نەکەینەوە، کەس نایکات.''
''کورد ئۆتۆنۆمی دەوێت''
ئەو سیاسەتڤانە لەبارەی ئەگەری دەستنیشانکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی، ''بەبێ ئۆتۆنۆمی نابێت. کۆبانی، حەسەکە و بەگشتی رۆژئاوای کوردستان خاکی باو و باپیرانمانە و خەڵک مافی خۆیان دەوێ. نابێت پێمان بڵێن تەنیا هەندێک مافتان دەدەینێ، نەخێر؛ چۆن ماف بە عەرەب دەدرێت لە سووریا، پێویستە بە ئێزدی، کورد و بە تورکمانیش بدرێت، چونکە ئەمە مافێکی مرۆییە.''
دوزەن تەکال گوتی، ''هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت رۆژئاوای کوردستان نەماوە، بەڵکو لە دڵماندایە و هەیە. ئێمە لێرەین (لە میونشن) و پێویستە دەنگمان هەبێت. بەبێ رۆژئاوای کوردستان نابێ، نەوەک تەنیا رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو دەبێ ئەم پرسە لە هەموو شوێنەکانی دیکەش چارەسەر بکرێت، چونکە لە هەر شوێنێک کورد هەبێت، ئاشتی و مرۆڤایەتی لەوێیە.''
ئەو سیاسەتڤانە کوردە پێیوایە، وڵاتان مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و گرووپە تووندڕۆکانی نێو سوپای عەرەبیی سووریا لەدوای دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع، وەک سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر بە هێند وەرناگیرن و گوتی، ''لێرە لەگەڵ لیندزی گراهام و پارێزگاری کالیفۆرنیا قسەم کرد و پێم گوتن: چۆن دەتوانن رێگە بدەن دووژمنی ئێمە بگەڕێتەوە. نابێت لە ئێزدییەکان و لە کچەکانمان بپرسن؟ ئەم کۆمەڵکوژییە لە 2014ـوە بەردەوامە.''
بەشێک لە ئەندامانی سوپای عەرەبیی سووریا پێشتر چەکداری داعش بوون. دوزەن تەکال ئاماژەی بەوە کرد، ''دووژمنانی ئێمە لە سووریا لە تەنیشتمان دانیشتوون و هێشتا [وەک حکومەت] کاری خۆیان دەکەن. ئێمە دەیانبینین و هەستیان پێ دەکەین. دەبێت ئەڵمانیا و جیهان لەوە تێبگەن و لە کۆنفرانسی میونشن باس بکرێت.''
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و وەزیرانی کاریگەری وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ