پسپۆڕێکی کیمیا: لە 20 نموونەی بەنزین 18یان لە پشکنین دەرنەچوون

15-06-2022
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن کوالیتیی بەنزین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئەو پشکنینانەی کە لەلایەن پسپۆڕێکی کیمیاوە کراوە، بۆ 20 نموونە لە بەنزین و هەشت نموونە لەو گازوایلەی لە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێندرێت، دەرکەوتووە گازوایلەکان هیچیان گازاوایل نەبوون، 20 نموونەی بەنزینەکەش 18یان بەنزین نەبوون، بەڵکو ماددەی تێکەڵە بوونە و زیانیان بۆ ئۆتۆمبێل و ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ هەیە.
 
کاوە حەمەشەریف، کە پسپۆری کیمیایە و سەرقاڵی نووسینەوەی توێژینەوەیەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-06-2022 میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لە چەند بەنزینخانەیەک بە تایبەت ئەوانەی لەسەر رێگەکانن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێر، بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەیەک 20 نموونە لە بەنزین و هەشت نموونە لە گازوایلمان بردە دەرەوە بۆ پشکنین."
 
ئەو پسپۆڕەی کیمیا گوتی: "بەپێی دەرئەنجامی پشکنینەکان لە کۆی 20 نموونەی بەنزینەکە 18ـی لە پشکنین دەرنەچوو، لە هەشت نموونەی گازوایلەش هیچیان دەرنەچوون، واتە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان نەبوون".
 
بەگوتەی کاوە حەمەشەریف ئەو پشکنینانە بە دوو ئامێر کراون، "یەکێک لە ئامێرە گرنگەکان (GC mass)ـە کە ئامێرێکی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی لە کوالێتی بەنزینەکە و (normal range) دڵنیا ببینەوە".
 
ئەو پسپۆڕەی کیمیا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو نموونانەی لە پشکنین دەرنەچوون "دەرکەوت لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە، دواتر ویستمان بزانین پێکهاتەکانی چین؟ کە پێکهاتەکانیمان دیاریکرد دڵنیابووینەوە لەوەی لە چوار ماددە پێکهاتبوو، کە بریتی بوون لە نەفتا، ریفۆر مەیت، میسانۆل و MTBE، کە ماددە توێنەرەوەن و لە تاقیگەدا بەکاردەهێندرێن. زیانەکانی ئەو ماددانە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلەکە و زیانگەیاندن بە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە و ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ، چونکە ماددەی شێرپەنجەیین".
 
کاوە حەمەشەریف داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، "رێگربن لە هێنانی ئەو ماددەیە (نەفتا)، کە بەداخەوە لە سنوورەکانەوە هاوردەدەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتانی بەنزین". بە پێویستیشی دەزانێت "کوالیتیی کۆنترۆڵی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەردەوام چاوی لە بەنزینخانەکان بێت، چونکە ئێمە ناتوانین بە چاو جیای بکەینەوە، بەڵام ئەگەر غازی هەبوو ئەوە بەنزین نییە، هەر بەنزینێک غازی هەبێت ئەو کاتەی قەپاخی تانکییەکەت کردەوە غازی کرد ئەوە بزانە ئەمە بەنزین نییە، بەڵکو تێکەڵەی چەند ماددەیەکە".
 
سەبارەت بە نموونەی گازوایلەکانیش، ئەو پسپۆڕەی کیمیا دەڵێت: "ئەو هەشت نموونەیەی بردوومانە دەرەوە هیچیان گازوایل نەبوون، ئەوانیش بریتی بوون لە تێکەڵە، لە رۆنی ئۆتۆمبێل و نەوت بەناوی گازوایل دەدرێتە مۆلیدەکان، لەکاتی سووتانی ئەو تێکەڵەیە ئەو دووکەڵ و گازەی لێی دەردەچێت بەناوی SO2 ماددەیەکی شێرپەنجەییە، هەوەها یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و SO3 دەخاتە ژینگەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.