رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئاوارەکان دەچێتە بەغدا و سبەی ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات.
رۆژی دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی پێکدێت، بۆ پرسی ئاوارەکان سەردانی بەغدا دەکەن و بڕیارە سبەی کۆببنەوە."
شاندەکە پێکهاتوون لە کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی؛ سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆ و سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی خۆیان پرسێکی گرنگ دەبێت؛ باسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و دابینکردنی خزمەتگوزاریش بۆ ئاوارەکان دەکرێ."
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆ کرا.
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆببێتەوە و باسی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بکەن، کە لەنێویاندا ئاوارەکانی شنگال دەمێننەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رووداوی داوە، 21 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون. لەو کەمپانەدا نزیکەی 17 هەزار خێزانی ئاوارە دەژین و "زۆرینەی هەرە زۆریان خەڵکی شنگالن".
ئەو کەمپانە 16ـیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و 5ـیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ