رووخاندنی ژمارەیەک خانوو لە گەڕەکی پەنجا عەلیی کەرکووک ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک خانوو و هەیکەل لە گەڕەکی پەنجا عەلی بە پاساوی زێدەڕۆیی رووخێنران. هاونیشتمانییان ناڕازین و دەڵێن، خانوو و هەیکەلەکانیان زێدەڕۆ نین و ناکەونە سەر رێڕۆی ئاو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025، لیژنەی لابردنی زێدەڕۆی پارێزگای کەرکووک کە لەدوای دروستبوونی لافاوەکەی 9ـی کانوونی یەکەم دەستی بە لابردنی زێدەڕۆی سەر رێڕۆی ئاو و رووبارەکان کردووە، لە بەشێکی گەڕەکی پەنجا عەلیی سنووری پارێزگاکە، ژمارەیەک خانوو، دیوار و هەیکەلی رووخاند.
 
دانیشتووانی گەڕەکەکە گردبوونەوە و رایانگەیاند، خاوەندارێتیی زەوییەکان دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان و زێدەڕۆ نین.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو زەوییانە دوای ساڵی 2003 دابەشکراون و بۆ ئەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە داگیر نەکرێن، خاوەنەکانیان هەیکەل و خانوویان لەسەر دروست کردوون.
 
هاونیشتمانییەکی ناڕازی، کە لەلایەن لیژنەکەوە دیواری دەوری زەوییەکەی رووخێندراوە، قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، ''ئێمە دانیشتووی پەنجا عەلین، ئەم بەیانییە هاتن و هەیکەلەکانی سەر زەوییەکانیان رووخاند. دڵمان خۆش بوو کە پارێزگاری کەرکووک سەردانمان دەکات و ئێرە کۆنکرێت دەکات، کەچی نەمانزانی هەیکەلەکان دەڕووخێنن.''
 
ئەو بەشەی گەڕەکەکە پێی دەگوترێت ''گوند''ـی پەنجا عەلی. ئەو هاونیشتمانییە ئەوەشی خستەڕوو، ''لە ساڵی 2007ـدا مام جەلال، (سەرۆککۆماری پێشووی عێراق) پارەی بە خەڵک دا بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکان خانوو دروست بکەین و گوندەکە ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام ئێستا نزیکەی 10 خانوو و هەیکەلە رووخێنراون.''
 
هاونیشتمانییەکی دیکەی ناڕازی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''خانووەکەم زێدەڕۆ نییە. کاتی خۆی بۆ ئەوەی داگیر نەکرێ، کردوومانەتە خانوو.''
 
بەگوتەی هاونیشتمانییانی دانیشتووی گوندی پەنجاعەلی، لیژنەی لابردنی زێدەڕۆ پێی راگەیاندوون کە بۆ رووخاندنی خانوو، هەیکەل و دیوارەکان، بڕیاری پارێزگاریان پێیە.
 
یەکێک لە هاونیشتمانییانی ناڕازی ئەوەشی خستەڕوو، هیچ کامە لەو شوێنانەی کە رووخێنراون، ناکەونە سەر رێڕۆی ئاو یان رووبارەکانەوە و مەترسیی لافاو دروست ناکەن.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، هاونیشتمانییەکی زۆر گەڕانەوە زێدی خۆیان و لە گەڕەکی نوێ و گەڕەکە کۆنەکانی کەرکووک خانوویان دروستکرد، دوای ماوەیەک ئەو خانووانە بە زێدەڕۆ ناسێندران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتەکان دەکات لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە ئامادەکردنی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی. وەزارەتەکە داوای کردووە لە ماوەی 20 رۆژدا لیستەکان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2026ـی عێراقدا جێگیر بکرێن.